تایبەت بە یاریگا؛ سێ یانەی کوردستان دەیانەوێت ئیبراهیم غازی بگوازنەوە ریزەکانیان
ئیبراهیم غازی چاوەڕێی مافی دەستبەرداربوونەکەی دەکات
یاریگا –
بۆ بازاڕی گواستنەوەی زستانەی یاریزانان سێ یانەی کوردستان دەیانەوێت ئیبراهیم غازی بگوازنەوە ریزەکانیان، تاوەکو ئێستا زەوڕا ئامادە نییە مافی دەستبەرداربوونی ئەو هێرشبەرە کوردە بدات.
بەگوێرەی بەدواداچوونەکانی تۆڕی وەرزشی یاریگا، یانەکانی نەورۆز و هەولێر و دهۆک چاودێری ئیبراهیم غازی هێرشبەری کوردی یانەی زەوڕا دەکەن و دەیانەوێت لە بازاڕی گواستنەوەی زستانەی یاریزانانی بیگوازنەوە، بەڵام یانەی زەوڕا ئامادە نییە دەستبەرداری بێت، تاوەکو هێرشبەرێکی دیکە بۆ پڕکردنەوەی شوێنەکەی نەگوازێتەوە.
تۆڕی وەرزشی یاریگا زانیویەتی، ئیبراهیم غازی ئارەزوو دەکات بگەڕێتەوە یەکێک لە یانەکانی کوردستان و تاوەکو رۆژی هەینی چاوەڕێ دەکات بۆ ئەوەی مافی دەستبەرداربوونەکەی وەربگرێت و بتوانێت گرێبەست لەگەڵ یانەیەکی نوێ واژۆ بکات، کە بەگوێرەی سەرچاوەکانی یاریگا هەریەکە لە هەولێر و دهۆک و نەورۆز دەیانەوێت ئەو هێرشبەرە 24 ساڵانە بگوازنەوە ریزەکانیان.
پێشتر تۆڕی وەرزشی یاریگا بە پشتبەستن بە بەدواداچوونێکی ئاشکرایکردبوو، ئیبراهیم غازی لە ساڵی 2024 تاکە یاریزانی کوردە لەسەر ئاستی عێراق 13 گۆڵی کردبێت و پێشەنگی گۆڵکارانی کوردە لەمساڵدا.
پێشتر ئیبراهیم غازی لەمیانی بەشداریکردنی لە بەرنامەی درێسینگ رووم گوتبووی، لە بازاڕی گواستنەوەی هاوینەی یاریزانان نزیکبوو پەیوەندی بە یانەی هەولێر بکات و لەگەڵ یانەکەی قەڵاومنارە لەگفتوگۆدابوو، بەڵام لەسەر بڕی گرێبەستەکەی نێوانیان نەگەیشتنە رێککەوتن.
ئیبراهیم غازی لەوەتەی پەیوەندی بە ریزەکانی زەوڕا کردووە، لەم وەرزەی خولی ئەستێرەکانی عێراق تەنیا لە پێنج یاری سەرەکی بووە و سێ گۆڵی کردووە، کە دوو گۆڵی بە لێدانی سزا بوون.