یاریگا –
خاوەنانی چێڵسی متمانەی تەواوییان بە تۆمارەکانی دارایی یانەکەیانە و چاوەڕێی سزا ناکەن.
ئاژانسی ئەسۆشیەتد پرێس بڵاویکردووەتەوە، یاساکانی قازانج و بەردەوامی پرێمەرلیگ زۆر توندبووە و چێڵسی ژمارەیەکی زۆری یاریزانی گواستووەتەوە، بۆیە بەردەوام لەژێر چاودێری وردی دەزگا پەیوەندیدارەکان بووە.
تۆد بۆیڵی و بێهداد ئیقبالی، لە ساڵی 2022 بوونە هاوخاوەنی یانە لەندەنییەکە. لە 30ی یۆنیۆ/حوزەیرانی ساڵی 2023 تۆماری داراییان بڵاوکردەوە و ئەوکاتە بڕی 90.1 ملیۆن پاوەند وەکو زیان بڵاوکرابووەوە، ساڵێک پێش ئەوەش، زیانەکانی چێڵسی زیاتر لە 121 ملیۆن پاوەند بوو.
سەرەڕای زۆری زیان و خەرجییەکانی گواستنەوەی یاریزانان، بەرپرسانی باڵای یانەکەی باکووری لەندەن متمانەی تەواویان بە بەشی دارایی یانەکە هەیە، کە هیچ سزایەکی یاساکانی قازانج و بەردەوامی نایانگرێتەوە.
بەگوێرەی رێساکانی قازانج و بەردەوامی پرێمەرلیگ، نابێ زیانی یانەکان لە ماوەی سێ وەرزدا 105 ملیۆن پاوەند تێبپەڕێنێت.