یاریگا –
دۆخی دارایی بارسێلۆما لەمپەری گەورە لەبەردەم پەرەپێدانی لایەنی هونەری یانەکە دروستکردووە و ئێستا لالیگا ئامادەنییە هیچ هەنگاوێک بۆ یارمەتیدانی یانە کاتالوونییەکە بنێت.
لە مێرکاتۆی هاوینەی رابردوودا، ناوەڕاستکارە ئیسپانییەکە لە یانەی لایپزیگەوە بە بڕی 60 ملیۆن یۆرۆ پەیوەندی بە بارساوە کرد، بەڵام باوی تەنیا لە قۆناخی یەکەمی ئەم وەرزە لە لالیگا تۆمارکرا. لالیگا دەیەوێت بارسا پابەندی یاسای هاوسەنگییەکی خەرجی و داهات بێت.
رۆژنامەی موندۆ دێپۆرتیڤۆ بڵاویکردووەتەوە، ئێستا کەیسی تۆمارکردنی ناوی دانی ئۆلمۆ بەدەست لالیگایە، بارسێلۆنا پڕوپۆزەڵێکی تەواوی بۆ فرۆشتنی کورسی VIP یاریگای رادەستی لالیگا کردووە و چاوەڕێی وەڵامی فەرمییە. چونکە دەیەوێت لە رێگەی فرۆشتنەکە، پارە بۆ تۆمارکردنی ناوی ئۆلمۆ لە قۆناخی دووەمی لالیگا پەیدا بکات.
رۆژنامەکە جەختیکردووەتەوە، لالیگا دەیەوێت لە پڕۆسەی فرۆشتنی کورسی VIP دڵنیاببێتەوە، ئینجا ناوی ئۆلمۆ تۆمار بکات. ئەمجارە بەبێ پارەی پێشەکی، لالیگا هیچ هەنگاوێک لە بەرژەوەندی بارسێلۆنا نانێت.
ئەگەر لالیگا بەڵگەنامەکانی بارسێلۆنا بۆ فرۆشتنی کورسی VIP پەسند بکات، ئەمە پاڵپشتییەکی دارایی باشە، بۆ گەڕانەوە بۆ یاسای 1:1 و تۆمارکردنی ناوی دانی ئۆلمۆ و پاو ڤیکتۆر.
لەلایەکی دیکەوە رۆژنامەکە چەند زانیارییەکی نوێی لەبارەی ئەگەرەکانی تۆمارنەکردنی ناوی ئۆلمۆی ئاشکرا کردووە
تاوەکو ئێستا ئەندامانی دەستەی کارگێڕی بارسێلۆنا بژاردەی تەرخانکردنی پارەی تایبەتی خۆیان بۆ دڵنیاکردنەوەی لالیگا پەسند نەکردووە. بەڵام ئەگەر دۆخەکە خراپتر بێت، ئەوا ئامادەن پارەی خۆیان بەکاربهێنن و خۆیان لە دۆخەکە رزگار بکەن.