تەواو؛ کاسێمیرۆ دوا بڕیاری لەبارەی مانچێستەر یونایتد داوە
یاریزانە بەڕازیلییەکە شوێنپێی گەورەکانی دیکە دەکەوێت
یاریگا –
پێدەچێت کاروانی کاسێمیرۆ لە مانچێستەر یونایتد کۆتاییبهێت و هاوشێوەی ئەستێرەکانی دیکە بەرەو رۆژهەڵاتی ناوەڕاست هەنگاو بنێت.
کاسێمیرۆ لە هاوینی ساڵی 2022 لە ریال مەدریدەوە پەیوەندی بە مانچێستەر یونایتد کرد و پێدەچێت، یەکێک بێت لە قوربانییەکانی سیستمی نوێی روبن ئامۆریم.
براوەی پێنج جارەی چامپیۆنزلیگ ئاستێکی ژێر مامناوەند لە ئۆڵدترافۆرد پێشکەش دەکات و لە پلانەکانی داهاتووی راهێنەرە پۆرتوگالییەکەدا نییە.
تۆڕی UOLی بەڕازیلی بڵاویکردووەتەوە، کاسێمیرۆ و مانچێستەر یونایتد لەسەر گواستنەوەی بۆ یانەیەکی دیکە لە مێرکاتۆی زستانەدا رێککەوتوون. یاریزانە بەڕازیلییەکە سەرنجی چەند یانەیەکی سعوودیەی راکێشاوە و سندووقی وەبەرهێنانی گشتی، بە هەماهەنگی لەگەڵ پێنج یانە پاڵپشتیکراوە حکوومییەکە (نەسڕ، هیلال، قادسیە، ئەهلی و ئیتیحاد) کاسێمیرۆ دەگوازێتەوە سععودیە.
کێشەی سەرەکی پێنج یانە سعوودییەکە نەبوونی شوێنی بەتاڵە بۆ واژۆکردنی گرێبەست لەگەڵ یاریزانێکی بیانی، بۆیە ئەو یانەیەی نیازی گواستنەوەی کاسێمیرۆی هەبێت، پێویستە دەستبەرداری یاریزانێکی بیانی ببێت.