دوایین پەرەسەندن؛ چی لەبارەی گواستنەوەی ئارنۆڵد بۆ ریال مەدرید دەزانین؟
تۆڕی وەرزشی یاریگا دوایین پەرەسەندنەکانی کەیسی ئارنۆڵد دەخاتەڕوو
یاریگا –
میدیاکانی ئیسپانیا لە بڵاوکردنەوەی هەواڵی رۆژانە لەسەر ترێنت ئالێکساندەر ئارنۆڵد، بەرگریکاری لیڤەرپوول بەردەوامن.
رۆژنامەی مارکا بڵاویکردووەتەوە، هیچ گومانێک لە حەزی ئارنۆڵد بۆ پەیوەندیکردن بە ریال مەدرید نییە و یانە ئیسپانییەکە تەواوی هەوڵەکانی بۆ گواستنەوەی ئەستێرە ئینگلیزییەکە خستووەتەگەڕ.
بەگوێرەی زانیارییەکانی رۆژنامە ‘دۆستەکەی’ مەدرید بێت، لە ریال مەدرید بڕیارێک هەیە و هەمووان لەسەر کۆکن؛
تەواوی ئامانجی خۆیان لەسەر ئارنۆڵدە و هەموو شتێکی دیکەیان وەلا ناوە.
رۆژنامەکە بڵاویکردووەتەوە، بەرپرسانی باڵای یانەکە لە ڤالدێبێباس کۆبوونەتەوە و باسیان لە پێویستییەکانی ئێستای یانەکە کردووە. بەرپرسان گەیشتوونەتە ئەو بڕوایەی، پێویستە لە مێرکاتۆی زستانەدا ئارنۆڵد بگوازرێتەوە و بابەتەکە بۆ هاوینی داهاتوو دوانەخرێت.
گواستنەوەی ئارنۆڵد زۆر نزیکە لەوەی ببێتە راستی، بەڵام ئێستا هەموو شتێک وەستاوە و چاوەڕێی هەنگاوی داهاتووی ئارنۆڵدن. هەرچەندە لە هاوینی داهاتوو گرێبەستی ئارنۆڵد بەسەردەچێت و دەتوانێت بە خۆڕایی پەیوەندی بە یانەیەکی دیکەوە بکات، بەڵام ریال مەدرید هیوایەکی گەورەی بە گواستنەوەی لە مێرکاتۆی زستانەدا هەیە.
رۆژنامەکە بە پشتبەستن بە سەرچاوەی نزیک لە کارگێڕی ریال مەدرید دەڵێت، چارەنووسی ئارنۆڵد یەکلاییکراوەتەوە و لیڤەرپوول نەیتوانیوە گرێبەستەکەی نوێبکاتەوە. ریال مەدرید رێز لە لیڤەرپوول دەگرێت و پەیوەندییەکی زۆر باشییان هەیە، بۆیە بەگوێرەی رێساکان مامەڵە لەگەڵ کەیسی گواستنەوەی ئارنۆڵد دەکات.