تۆڕی وەرزشی یاریگا ریزبەندیی گۆڵکارانی کورد لە ساڵی 2024 بڵاو دەکاتەوە
ئیبراهیم غازی بە تۆمارکردنی 13 گۆڵ زۆرترین گۆڵی لەمساڵدا کردووە
یاریگا –
تۆڕی وەرزشی یاریگا ریزبەندیی گۆڵکارانی کورد لە ساڵی 2024 بڵاو دەکاتەوە، کە ئیبراهیم غازی تاکە گۆڵکاری کورد بوو لەمساڵدا 13 گۆڵ بکات.
بەگوێرەی بەدواداچوونێکی تۆڕی وەرزشی یاریگا، ئیبراهیم غازی هێرشبەری ئێستای یانەی زەوڕا لەمساڵدا لەسەر ئاستی عێراق تاکە یاریزانی کوردە 13 گۆڵی کردبێت، کە وەرزی رابردوو هێرشبەرە 24 ساڵانەکە 10 گۆڵی بە درێسی حدوود کرد و ئەم وەرزەش 3 گۆڵی بە درێسی زەوڕا کردووە.
شێرکۆ کەریم هێرشبەر و کاپتنی یانەی هەولێر دووەم گۆڵکاری کوردە لەسەر ئاستی یاریزانانی کورد لە ساڵی 2024، شێرکۆ لەم وەرزە بە درێسی هەولێر لە 7 یاری 5 گۆڵ و ئەسیستێکی کردووە، بە گشتی لە ساڵی 2024 بە درێسی یانەکەی قەڵاومنارە 11 گۆڵی تۆمار کردووە.
پاشەنگ عەبدوڵا هێرشبەری یانەی دهۆک لە ریزبەندیی گۆڵکارانی ئەمساڵی یاریزانانی کورد لە پلەی سێیەم دێت، ئەم وەرزە بە درێسی دهۆک 5 گۆڵی کردووە کە 4 گۆڵی لە خولی ئەستێرەکانی عێراق بووە و لە جامی یانە پاڵەوانەکانی کەنداویش گۆڵێکی کردووە، هێرشبەرە 30 ساڵانەکە کە هاوینی رابردوو لە دیگێرفۆرسی سویدی پەیوەندی بە ریزەکانی دهۆک کرد، لەمساڵدا بە درێسی یانە سویدییەکە 5 گۆڵی کردبوو.
هیران ئازاد کە هاوینی رابردوو لە دهۆکەوە پەیوەندی بە قوە جەوییە کرد، لەمساڵدا بە درێسی هەڵۆیەکانی دهۆک و بەغدا 8 گۆڵی تۆمار کردووە و ئاسۆ رۆستەمیش لەمساڵدا بە درێسی ئیستیقلال خوزستان و نەورۆز 5 گۆڵی کردووە.
ریزبەندیی گۆڵکارانی کورد لە ساڵی 2024
1- ئیبراهیم غازی 13 گۆڵ
2- شێرکۆ کەریم 11 گۆڵ
3- پاشەنگ عەبدوڵا 10 گۆڵ
4- هیران ئازاد 8 گۆڵ
5- ئاسۆ رۆستەم 5 گۆڵ
6- ئەحمەد سەبری 3 گۆڵ
7- حەمە ئیتۆ 3 گۆڵ
8- یوسف ئەمین 2 گۆڵ
9- ئاکۆ حوزێر 2 گۆڵ
10- ئیڤان خالید 2 گۆڵ