سەڵاح گومانێکی گەورە دەخاتە سەر داهاتووەکەی و تۆڕی ئاتلێتیک وردەکاری نوێ ئاشکرا دەکات
چارەنووسی سێکووچکەی لیڤەرپوول نادیارە
یاریگا –
محەمەد سەڵاح، ئەستێرەی لیڤەرپوول رایدەگەیەنێت، لە نوێکردنەوەی گرێبەستەکەی لە لیڤەرپوول دوورە.
لە سەرەتای ئەم مانگەدا، تۆڕی ئاتلێتیک بڵاویکردبووەوە، لیڤەرپوول ئۆفەرێکی پێشکەشی سەڵاح کردووە، بەڵام تاوەکو ئێستا هیچ هەنگاوێکی گەورە بۆ هێشتنەوە ئەستێرە میسڕییەکە لە ئانفیڵد نەنراوە.
سەڵاح لە یاریی شەوی رابردوودا، گۆڵێک و دوو ئەسیستی لە بەرامبەر وێستهام هەبوو، بەمەش یارمەتی رێدزیدا، پێگەی خۆی لە پێشەنگایەتی تۆکمە بکات.
لە دوای یارییەکە سەڵاح بە تۆڕی وەرزشی سکای سپۆرتسی گوت
لە گەیشتن بە هەواڵێکی باشی گرێبەستەکەم دوورین، بەڵام دووبارەی دەکەمەوە، نامەوێت بابەتەکان لە میدیا باس بکەم، تاوەکو خەڵک قسەی لەسەر نەکات. بەڵام هیچ شتێک بەرەوپێش نەچووە.
ئێستا بەلای منەوە بردنەوەی پرێمەرلیگ تاکە شتە لە هزری مندا و دەمەوێت ببمە بەشێک لە سەرکەوتنەکە. ئەمە تاکە شتە لە سەرەتای وەرزەوە سەرنجم لەسەری داناوە.
سەڵاح بە 17 گۆڵ پێشەنگی گۆڵکارانی پرێمەرلیگی گرتووە و بە 13 گۆڵیش، باشترین گۆڵ دروستکاری خولەکەیە. تاوەکو ئێستا لە تەواوی پاڵەوانیەتییەکانی ئەم وەرزەدا، 20 گۆڵ و 17 ئەسیستی هەیە.
سەرەڕای دروستبوونی بڕوایەکی تەواو بە مانەوەی ڤیرجیڵ ڤان دایک و سەڵاح لە ئانفیڵد، بەڵام چوارشەممە هەردوو یاریزانەکە دەتوانن گفتوگۆ لەگەڵ یانەیەکی دیکە بکەن و لە هاوینی داهاتوودا بەخۆڕایی لیڤەرپوول جێبهێڵن.
تۆڕی ئاتلێتیک ئاشکرایدەکات، ئۆفەری نوێکردنەوەی گرێبەست بە ئارنۆڵد، سەڵاح و ڤان دایک گەیشتووە و گفتوگۆکانی نێوان هەرسێ یاریزانەکە و لیڤەرپوول بەردەوامن.
لیڤەرپوول بە جیاوازی هەشت خاڵ پێشەنگی پرێمەرلیگ و یاریی داهاتووی لە 5ی مانگی داهاتوو بەرامبەر مانچێستەر یونایتد دەبێت.