یاریگا –
محەمەد سەڵاح بەردەوامە لە ئاستە سەرسوڕهێنەرەکەی ئەم وەرزەی و ئەمشەویش جارێکیتر دیاریی بۆکسینگ دەی بە هاندەرانی لیڤەرپوول بەخشیەوە.
سەڵاح و هاوڕێکانی بوون بە میوانی یانەی وێستهام لە میانی هەفتەی 19ی پرێمەرلیگ و توانیان بە 5 گۆڵی بێ وەڵام خاوەن ماڵ گۆڵباران بکەن.
ئەستێرە میسڕیەکە لەو یارییەشدا نەخشی خۆی جێهێشت بە تۆمارکردنی گۆڵێک لە خولەکی 44 و هەروەها 2 ئەسێست لە خولەکەکانی 40 و 84 بۆ هەریەکە کۆدی خاکپۆ و دیۆگۆ جۆتا.
ئەوەش ریکۆردێکی خەیاڵی بوو بۆ گۆڵکارەکەی رێدز. بەپێی زانیارییەکانی تۆڕی ئۆپتا بۆ ئامار و ریکۆردەکان، ئەوە هەشتەمین یاریی بوو لەم وەرزەدا سەڵاح بە گۆڵ و ئەسێست بەشداری تێدابکات.
هەر بەپێی تۆڕی ئۆپتا، ئەوەی سەڵاح کردوویەتی لە ماوەی یەک وەرزدا، بە درێژایی مێژووی پرێمەرلیگ هیچ یاریزانێک نەیتوانیوە ئەنجامی بدات.
جیا لەو ریکۆردە، سەڵاح ئێستا یەکەم یاریزانی مێژووی یانەکەشیەتی کە توانی بۆ 8 وەرزی لەدوای یەک لە سەرجەم پاڵەوانێتیەکان +20 گۆڵ تۆماربکات.
لیڤەرپوول سێ خاڵی دیکەی کۆکردەوە. بە یارییەک کەمتریشەوە جیاوازییەکەی لەگەڵ نزیکترین رکابەری کاتیی کە نۆتینگهام فۆرێستە، بەرزکردەوە بۆ 8 خاڵ.
سەڵاح لەم وەرزە لە کۆی 17 بەشدارییدا لە پرێمەرلیگ توانیویەتی بەشداریی 30 لە گۆڵدا بکات (17 گۆڵ و 13 ئەسێست).