هەواڵێکی دڵخۆشکەر بۆ هەوادارانی ریال مەدرید
یاریگا –
دەیڤد ئالابا ئەستێرەی ریال مەدرید لە دوای ساڵێک دوور کەوتنەوەی بە هۆی پێکان، ئامادەیە لە سبەینێوە بەشداری مەشقی بە کۆمەڵی یانەکەی بکاتەوە.
ئالابا لە مانگی کانوونی دووەمی ساڵی رابردوو لە کاتی یارییەکەی ریال مەدرید بەرامبەر ڤیاریال تووشی پچڕانی بەستەری ئەژنۆ بوو و چارەسەرێکی جگە لە نەشتەرگەری نەبوو، بەڵام گەڕانەوەی بۆ یاریگا زۆر زیاتری خایاند لەوەی کە چاوەڕێی دەکرا.
سەرەتا دەگوترا ئەم یاریزانە بۆ ماوەی هەشت بۆ 10 مانگ لە یاریگاکان دوور دەکەوێتەوە، بەڵام بەڕێوەبەرانی یانەکە و ئەندامانی ستافی تەکنیکی و پزیشکی زۆر نیگەران بوون لە بارودۆخی چەند مانگی رابردوو. هەندێک لە میدیاکانی ئیسپانیا بڵاویانکردەوە کە تا مانگی یەک ناتوانێت یاوەری تیپەکەی بکات و دواجاریش هەمان شت روویدا.
⚽️ David Alaba, blessé depuis de très longs mois, va enfin retrouver ses partenaires à l’entraînement. Une magnifique nouvelle. ⬇️ https://t.co/G5XGSAscmd
— Onze Mondial (@OnzeMondial) December 29, 2024
بەڵام بە گوێڕەی هەواڵێکی رۆژنامەی مارکا، ئەم ئەستێرە نەمساییە ئامادەیە لە سبەینێوە شانبەشانی ئەستێرەکانی تری ئەم تیپە بەشداری مەشقە بە کۆمەڵەکانی ریال مەدرید بکات. ئەمەش هەواڵێکی زۆر خۆش دەبێت بۆ کارلۆ ئەنچیلۆتی لەم کاتەی وەرزدا کە فشارێکی زۆر لەسەر ئەم تیپە هەیە و لە ماوەیەکی کورتدا دەبێت چەندین یاریی بکەن.
کێشەکانی ریال لە هێڵی بەرگری لە وەرزی پێشووەوە بەردەوامن و ئانچێلۆتی هیوادارە زۆر بە زوویی ئالابا بتوانێت بگەڕێتەوە بۆ رۆژانی لوتکەی و لەم دۆخەدا بارگرانییەکی لەسەر شانی هەڵبگرێت.