گەورەترین رووداوی ساڵ؛ ڤینیسیۆس ریال مەدرید جێدەهێڵێت
''ئێستا کاتی تۆڵەکردنەوەیە لە فلۆرێنتینۆ پێرێز''
یاریگا –
ڤینیسیۆس جونیۆر گەیشتووەتە رێککەوتنی سەرەتایی لەگەڵ پاریس سانجێرمان.
رۆژنامەی موندۆ دێپۆرتیڤۆ بۆمبێکی گەورەی تەقاندەوە و باس لە رێککەوتنی سەرەتایی نێوان ڤینیسیۆس جونیۆر، ئەستێرەی ریال مەدرید و پاریس سانجێرمان دەکات.
رۆژنامەکە لە ژمارەی ئەمڕۆیدا وردەکاری و شێوازی رێککەوتنی ڤینیسیۆس و سانجێرمانی ئاشکراکردووە و بەگوێرەی زانیارییەکانی رۆژنامە کاتالوونییەکە بێت، ڤینیسیۆس بۆ ماوەی 10 ساڵ گرێبەست لەگەڵ یانە پاریسییەکە واژۆ دەکات.
رۆژنامەی موندۆ لە زاری سەرچاوەی نزیک لە ئەستێرە بەڕازیلییەکە ئاشکرایکردووە، ڤینیسیۆس دەرفەتی جەژنی کریسمس و سەری ساڵی قۆستووەتەوە و بە فڕۆکەیەکی تایبەت لە شاری ووهان، چین بە نهێنی لەگەڵ نوێنەرانی سانجێرمان کۆبووەتەوە.
❗ ¡Vinicius firma un precontrato millonario con el PSG para las próximas 10 temporadas!https://t.co/l41EyeacKK
— Mundo Deportivo (@mundodeportivo) December 28, 2024
بەر لە گەشتەکەی بۆ دوبەی و ئامادەبوون لە دابەشکردنی خەڵاتەکانی گڵۆب سۆکەر، ڤینیسیۆس گەشتی دەوحە، پایتەختی قەتەڕی کردووە و لەگەڵ ڤیکتۆریانۆ مێلێرۆ، بەڕێوەبەری گشتی پاریس سانجێرمان و تیمی یاسایی یانەکە گفتوگۆی وردی لەسەر شێوازی گرێبەستەکە کردووە.
رۆژنامەی موندۆ ئاشکرایدەکات، ناسڕ خلێفی دەیەوێت تۆڵە لە فلۆرێنتینۆ پێرێز بکاتەوە، ئەمەش دوای گواستنەوەی کیلیان ئێمباپێ بەخۆڕایی لە هاوینی رابردوودا. ناسڕ خلێفی بە بازنەی نزیک خۆی گوتووە
لە دۆڕان بێزار بووم، ئێستا نۆرەی منە.
نێیمار کلیلی سەرەکی گواستنەوەکەیە
بەگوێرەی زانیارییەکانی موندۆ، نێیمار دا سیلڤا، ئەستێرەی بەڕازیل و هیلالی سعوودی رۆڵێکی باڵا لە پڕۆسەی گواستنەوەی ڤینیسیۆس بۆ پاریس دەگێڕێت، چونکە نێیمار سیمبووڵی منداڵی ڤینیسیۆسە و پەیوەندییەکی تۆکمەی لەگەڵدا هەیە.
لە ماوەی رابردوودا، باس لە دووبارە گەڕانەوەی نێیمار بۆ پاریس دەکرا، خلێفی دەیەوێت لەگەڵ ڤینیسیۆس کۆیبکاتەوە و ببنە دوو ئەستێرەی دیاریی یانەکە.