مارکا بۆمبێکی گەورەی تەقاندەوە و یەکەم گواستنەوەی ریال مەدرید ئاشکرا دەکات
ریال مەدرید ئەستێرەیەکی گەورە دەگوازێتەوە
یاریگا –
ترێنت ئالێکساندەر ئارنۆلد بە لیڤەرپوولی راگەیاندووە، دەیەوێت پەیوەندی بە ریال مەدرید بکات.
رۆژنامەی مارکا لە ژمارەی ئەمڕۆیدا بۆمبێکی گەورەی تەقاندەوە و بڵاویکردووەتەوە، ئارنۆڵد دوا قسەی لەگەڵ دەستەی کارگێڕی لیڤەرپوول کردووە و دەیەوێت لە هاوینی داهاتوودا، پەیوەندی بە یانە شاهانەکە بکات.
گرێبەستی ئێستای ترێنت لە هاوینی داهاتوو بەسەردەچێت و تاوەکو ئێستا گرێبەستەکەی نوێنەکراوەتەوە، بۆیە لە کۆتایی ئەم هەفتەیە، دەتوانێت ئازادانە گفتوگۆ لەگەڵ هەر یانەیەک بکات و لەگەڵی رێکبکەوێت.
لە ماوەی رابردوودا لیڤەرپوول چەندین هەوڵی بۆ نوێکردنەوەی گرێبەستی ئارنۆڵددا، بەڵام هەمووی بێهوودەبوون، چونکە ئارنۆڵد دەیەوێت مووچەکەی هاوشێوەی محەمەد سەڵاح و ئێرلینگ هالاند لێبکرێت.
رۆژنامە ئیسپانییەکە ئاشکرایدەکات، ئێستا دەستەی کارگێڕی لیڤەرپوول گفتوگۆ لەسەر ئەگەرەکانی لەدەستدانی ئارنۆڵد دەکەن، لەوانەیە لە مێرکاتۆی زستانەی داهاتوودا، لیڤەرپوول رێگە بە چوونە دەرەوەی ترێنت بدات، چونکە لە هاویندا، بەهای گواستنەوەی دەبێتە سفر.
ریال مەدرید لە گواستنەوەی ترێنت پەلە ناکات، چونکە لە کۆتایی وەرز دەتوانێت بێ بەرامبەر بیگوازێتەوە و ئامادەنییە پارە لە گواستنەوەکە خەرج بکات.
👀 #LoMásVisto | El Liverpool no descansa ni por Navidad… y le pega otro ‘mordisco’ a la Premierhttps://t.co/mvTI3qPvuG
— MARCA (@marca) December 27, 2024
سیاسەتی ریال مەدرید لە چەند ساڵی رابردوودا، رازیکردنی یاریزانان بووە، پاشان تاوەکو بەسەرچوونی گرێبەستەکانیان ئارامیان گرتووە؛ هاوشێوەی گواستنەوەی کیلیان ئێمباپێ، دەیڤد ئالابا و ئانتۆنیۆ رودیگەر.
ئەستێرە ئینگلیزییەکە 332 یاریی بۆ لیڤەرپوول کردووە و یەکەم یاریی فەرمی لە ساڵی 2016 بوو. ترێنت نازناوەکانی پرێمەرلیگ، چامپیۆنزلیگ، جامی FA، دوو جامی کاراباو و مۆندیالی یانەکانی لەگەڵ لیڤەرپوول بردووەتەوە.
ئێستا لیڤەرپوول بە جیاوازی شەش خاڵ لەگەڵ ئارسیناڵی خاوەن پلەی دووەم، لە پێشەنگی پرێمەرلیگدا دێت، هەرچەندە یارییەکی کەمتر کردووە.