تەواو؛ مانچێستەر سیتی شوێنگرەوەی رۆدری دەگوازێتەوە
پێپ گواردیۆلا چیدیکە بەرگەی بۆشاییەکانی هێڵی ناوەڕاست ناگرێت

یاریگا –
مانچێستەر سیتی ئامادەیە پارەی هەڵوەشاندنەوەی گرێبەستی مارتن زوبیمێندی، ئەستێرەی ریال سۆسیداد خەرج بکات.
پێگەی فووتبۆڵ ئینسایدەر بڵاویکردووەتەوە، مان سیتی گەیشتووەتە ئەو بڕوایەی گرێبەست لەگەڵ زوبیمێندی واژۆ بکات و شوێنی رۆدری پێ پڕبکاتەوە.
رۆدری لە سێپتێمبەر/ئەیلوولی رابردوو تووشی پێکانبوو و تاوەکو کۆتایی وەرز، ناتوانێت یاریی بکاتەوە. بەگوێرەی هەڵسەنگاندنی شارەزایان بێت، پێکانی رۆدری گورزێکی کوشندەی لە پلانەکانی پێپ گواردیۆلا داوە.
مان سیتی لە 13 یاریی رابردوو تەنیا یەک یاریی بردووەتەوە، ئەمەش رێکۆردێکی مێژووییە لە 20 ساڵی رابردوودا.
مەرجی هەڵوەشاندنەوەی گرێبەستی زوبیمێندی لە سۆسیداد بریتییە لە 50 ملیۆن پاوەند و لە ئەگەری دابینکردنی لەلایەن مان سیتی، ئەوا یاریزانە ئیسپانییەکە دەتوانێت بڕیار لە داهاتووی خۆی بدات.
لە هاوینی رابردوودا، ناوی زوبیمێندی بە لیڤەرپوول بەسترابووەوە، هەرچەندە یانەکەی مێرسیساید ئامادەبوو بڕی هەڵوەشاندنەوەی گرێبەستەکەی خەرج بکات، بەڵام یاریزانەکە مانەوەی لە سۆسیداد هەڵبژارد.