کاساس: تکایە واز لە ئینستاگرام بهێنن
تەواوی قسەکانی کاساس لە پرێس کۆنفڕانسی پێش یاریی یەکلاییکەرەوە
یاریگا –
خێسوس کاساس، راهێنەری هەڵبژاردەی عێراق دووپاتیدەکاتەوە، حەزی لە فشارە و هەموو شتێک بۆ بردنەوە لە سعوودیە دەکات.
کاساس لە پرێس کۆنفڕانسی پێش یارییەکەی عێراق بەرامبەر سعوودیە لە گەڕی سێیەمی کۆمەڵەی دووەمی جامی کەنداو روونیکردەوە، کێشەی زۆرییان لە ئامادەکاری بۆ پاڵەوانیەتییەکە هەبووە
پاڵەوانیەتییەکە لە وادەیەکی زۆر کورت دەکرێت و ئەمەش ئەرکی ئامادەکردنی یاریزانان قورس دەکات. هەڵسەنگاندنمان بۆ یارییەکەی بەحرەین کردووە و ئێستا دەزانین بە چ شێوازێک رووبەڕووی سعوودیە دەبینەوە.
لەبارەی ئامادەنەبوونی بەشی زۆری یاریزانەکان، خێسوس دەڵێت
چەندین یاریزانمان بە هۆکاری جیاواز یاریی ناکەن. بەشێکیان پێکانیان هەیە، بەشێکی دیکە نەخۆشن و هەندێکی دیکەش ماندوون، سەرەڕای ئەمەش حەزم لە بیانوو هێنانەوە نییە و هەموو هەوڵێک بۆ بردنەوە لە سعوودیە دەدەین.
حەزم لە فشارە و ئەمجۆرە فشارانەش ئاسایین و دەبێ مامەڵەی لەگەڵدا بکەین. هەوڵدەدەم فشارەکە بۆ بەرژەوەندی خۆمان بەکاربهێنم.
راهێنەرە ئیسپانییەکە باسی یارییەکەی سبەی دەکات و دەڵێت یەکلاییکەرەوەیە
سبەی تەنیا یەک دەرفەتمان هەیە و لەپێناویدا دەجەنگین. هەوڵدەدەین کاریگەرییەکانی یاریی رابردوو نەهێڵین. هەڵبژاردەی سعوودیە یەکێکە لە باشترینەکانی ناوچەکە، ئەمە ئەگەر باشترینی کیشوەری ئاسیا نەبێت. تاوەکو ئێستا بەحرەین باشترینی پاڵەوانیەتییەکەیە.
کاساس ئامۆژگارییەک ئاڕاستەی ئەستێرەکانی عێراق دەکات و دەڵێت واز لە تۆڕەکانی کۆمەڵایەتی بهێنن
هیچ هەژمارێکم لە ئینستاگرام نییە و دڵخۆش دەژیم. هیوادارم یاریزانان هەمان رێچکە بگرنەبەر و ژیان بەبێ کەوتنە ژێر فشاری تۆڕەکانی کۆمەڵایەتی بەڕێبکەن.
سبەی کاتژمێر 17:30 بەکاتی هەولێر، عێراق و سعوودیە رووبەڕووی یەکتر دەبنەوە. عێراق تەنیا بە بردنەوە دەگاتە قۆناخی داهاتوو، کەچی سعوودیە بە بردنەوە و یەکسانبوون، دەپەڕێتەوە قۆناخی پێشکۆتایی.