ئاماژەیەکی زۆر بەهێزی رۆشتنی ئۆلمۆ دەرکەوت
یاریگا –
تادێت ئاماژەکانی رۆشتنی دانی ئۆلمۆ لە یانەی بارسێلۆنا زیاتر دەردەکەون کاتێ یانەکە هێشتا نەیتوانیوە ناوی یاریزانە ئیسپانییەکە تۆماربکات.
بارسا هاوینی رابردوو بە بڕی 60 ملیۆن یۆرۆ ئۆلمۆی لە لایپزیگی ئەڵمانیەوە گواستەوە، بەڵام تەنها تا نیوەی وەرزەکە و جێگیرکردنی مەرجێک کە پابەندکردنی یانە کەتەلۆنیەکەبوو بەوەی خەرجیەکانیان کەمتربکەنەوە، گەرنا ئەوا لە سەرەتای بازاڕی زستانە ئۆلمۆ بەخۆڕایی دەبێت بڕوات.
بارسا بەهۆی تەنگەژە داراییەکانیەوە هێشتا نەیتوانیوە بگاتە ئەو ستانداردەی یەکێتی تۆپی پێی ئیسپانیا بۆی دیاریکردبوو لە بابەتی هاوسەنگی خەرجی و داهات. هەربۆیە رێگەی نادرێت ئۆلمۆ تۆماربکات.
بەگوێرەی زانیارییەکانی رۆژنامەی دەی مەیڵی بەریتانی، ئەمڕۆ ئاندی بارای بریکاری یاریزانەکە لە شاری مانچێستەر بووە. ئەو سەرچاوەیە پەیوەندی بە بریکارەکەوە کردووە و ناوبراویش زانیارییەکەی پشتڕاستکردووەتەوە.
ئاندی بارای کرواتی خاوەنی نیاگارا سپۆرتە، کە یەکێکە لە گەورەترین کۆمپانیاکانی بریکاری یاریزانان و ئۆلمۆ و ئالڤارۆ مۆراتا دوو لە یاریزانەکانی کۆمپنیاکەن.
جارێ دیار نیە ئاندی و ئۆلمۆ کام یانەی ئینگلیزی وەک وێستگەی داهاتوو هەڵدەبژێرن بۆ داهاتووی ناوەڕاستکارە هێرشبەرییەکە. جگە لە هەردوو یانەکەی شاری مانچێستەر، ئارسیناڵیش یەکێکە لە گرنگیپێدەرەکانی دانی.
هەر بۆ زانین، پێشتر ئاندی بارا بوو کە رۆڵی گەورەی گێڕا لە گواستنەوەی جۆسکۆ ڤاردیۆلی هاونیشتیمانی لە لایپزیگەوە بۆ ریزەکانی مانچێستەر سیتی بە بڕی 77 ملیۆن پاوەند.