یاریگا –
چەندین یاریزانی مانچێستەر یونایتد داهاتوویان بە نەزانراوی ماوەتەوە لەژێر سەرپەرشتی روبن ئامۆریم کە دوای ئێریک تێن هاخ وەک راهێنەر دەستنیشانکرا و چاوەڕێ دەکرێت لەگەڵ ئەو یانەیە پرۆژەیەکی دوورمەودا سەرپێبخەن.
لەنێو ئەو یاریزانانەدا کە ژمارەیان زیاتر لە نیو دەرزەن دەبێ، ئانتۆنی بەڕازیلیش هەیە و لە ماوەی رابردوودا زۆرترین دەنگۆی لەسەربوو کە یان لە گواستنەوەکانی زستانەدا بەخواستن دەینێرنەدەرەوە، یاخود هاوین بە یەکجاریی دەیفرۆشن. بەڵام بریکارەکەی هەمووشتێکی درکاند و لە نوێترین چاوپێکەوتنیدا کە فابریزۆ رۆمانۆش بڵاویکردووەتەوە، جونیۆر پێدرۆسۆ وتی
زۆر یانە پەیوەندیان پێوەکردووین بۆ گواستنەوەی ئانتۆنی بۆ ریزەکانیان لە بازاڕی زستانە. ئەو یانانە دەیانویست دۆخی ئانتۆنی بزانن، بۆیە دەتوانم ئەوە رابگەیەنم کە خواستی راستەقینە هەبوو بۆ گواستنەوەی.
سەبارەت بە هەڵوێستی یانەکەی لەبارەی هاتنەپێشەوەی خواست بۆ یاریزانە بەڕازیلییەکە، جونیۆر وتی
راستگۆبم لەم رووەوە، مانچێستەر یونایتد هەرگیز هیچ خواستێکی بۆ فرۆشتن یاخود بەخواستن ناردنەدەرەوەی ئانتۆنی پیشاننەداوە. تا ئێستا هیچ پەیوەندیەکی وامان لە مان یونیاتدەوە پێوەنەکراوە. ئیدارەی یانەکە هەرگیز پێی نەوتووین کە دەیانەوێەوێ ئانتۆنی بڕوات، ئەوە سەرەرای بوونی ئەو راپۆرتانەی لەسەر یاریزانەکەمان بڵاودەکرێنەوە.
باڵە بەرازیلیەکە یەکێکە لە گرانترین گواستنەوەکانی مێژووی مان یونایتد کاتێ ساڵی 2022 بە بڕی 82 ملیۆن پاوەند لە ئایاکسەوە گواسترایەوە ئۆڵدترافۆر لەسەر خواستی تێن هاخ. بەڵام لە ئاستی چاوەروانییەکاندا نەبوو. ناوبراو لە 92 بەشداریکردن بە درێسی مانچێستەر یونایتدەوە تەنها 12 گۆڵ و 5 ئەسێستی هەیە لە سەرجەم پاڵەوانێتیەکاندا.