چەند یاریزان بوونەتە قوربانی خەڵاتە نەفرینییەکە؟
یاریگا –
لەم ساڵانەی دواییدا هەر یاریزانێک کە توانیبێتی خەڵاتی باشترین یاریزانی یاریی کۆتایی جامپیۆنزلیگ بباتەوە، تووشی پێکانێکی سەخت بووە.
وەک هەموو شتێکی تر، بەخت رۆڵێکی گەورەی لە تۆپی پێدا هەیە. بابەتەکە ئەوەیە کە خەڵاتی باشترین یاریزانی (MVP) یاریی کۆتایی چامپیۆنزلیگ نەفرەت لێ کراوە، چۆن؟ لەم ساڵانەی دواییدا هەر یاریزانێک ئەم خەڵاتەی بردبێتەوە، لە کۆتایی وەرزی دواتر یان تەنانەت پێش کۆتایی ساڵ تووشی پێکانێکی سەخت بووە، ئەمەش کاریگەری لەسەر ئاستی داهاتووی هەبووە.
هەموو شتێک لەگەڵ ڤان دایکەوە دەستی پێکرد.
نەفرەتەکە پێنج ساڵ لەمەوبەر لە لیڤەرپوولەوە دەستیپێکرد، کاتێک لە ساڵی 2019 لە میترۆپۆلیتانۆی مەدرید رووبەڕووی تۆتنهام بوویەوە و جامەکەی بەدەستهێنا. لەو یارییەدا ڤان دایک وەک باشترین یاریزان هەڵبژێردرا. بەرگریکارە هۆڵەندییەکە یارییەکی باشی کرد، تەنانەت پاڵێوراو بوو بۆ خەڵاتی باڵۆن دۆر. بەڵام لەگەڵ چوونە ناو وەرزی نوێوە، بەستەری ئەژنۆی پچڕا و لە تەشرینی یەکەمی 2020 تا تەمموزی 2021 لە یاریگاکان دوورکەوتەوە.
لە ساڵی 2020 یاری کۆتایی لە نێوان پاریس سانجێرمان و بایرن میونشن بەڕێوەچوو. بایرن بە گۆڵەکەی کۆمان پاڵەوانێتیەکەی بەدەستهێنا و وەک باشترین یاریزانی یارییەکەش هەڵبژێردرا. بەڵام نەفرەتەکە ئەویشی گرتەوە و لە ساڵی 2021دا رووبەڕووی چەندین پێکان بووەوە کە بریتی بوون لە بڕبڕەی پشت، قاچ، ران و پاژنەی پێی. بە گشتی بۆ ماوەی 103 رۆژ لە یاریگاکان دوورکەوتەوە، کە نزیکەی سێ مانگ بوو.
لە ساڵی 2021 چێڵسی نازناوەکەی بەدەستهێنا و ئێنگۆلۆ کانتی رۆڵی سەرەکی لە بەدەستهێنانی ئەم جامەدا هەبوو، رۆڵێکی باشی لە هێڵی ناوەڕاستی یانەکەیدا گێڕا و توانی نازناوی کۆتایی و دووەم نازناوی چامپیۆنزلیگ لە مێژووی یانەکەدا بەدەستبهێنن. بەڵام هەروەک کۆمان ئەویش لە وەرزی دواتر تووشی نەفرەتی پێکان بووەوە. حەوت پێکانی جیاواز وایکرد بۆ ماوەی 80 رۆژ لە یاریگاکان دوور بکەوێتەوە. بەڵام تەنیا ساڵێک دواتر و لە هاوینی 2022 تووشی پێکان بوو و شەش مانگ بەشداری نەکرد. بە گشتی 214 رۆژ.
لە ساڵی 2022 باشترین یاریزان لە یاری کۆتایی نێوان ریال مەدرید و لیڤەرپوول تیبۆ کۆرتوا بوو. هەرچەندە ڤینیسیۆس گۆڵی بردنەوەی کرد، بەڵام کۆرتوا وەک باشترین یاریزانی یارییەکە دەستنیشانکرا. لە هاوینی 2023 نەفرەتەکە بەدوایدا هات و تووشی پچڕانی ئەژنۆ بوو کە نزیکەی ساڵێک لە یاریگاکان دوورکەوتەوە.
شایەنی باسە مانچێستەر سیتی بە سەرپەرشتی گواردیۆلا یەکەم نازناوی چامپیۆنزلیگی خۆی بەدەستهێنا و رۆدری وەک باشترین یاریزانی یارییەکە هەڵبژێردرا، ئەمەش بەهۆی ئاستە نایابەکەی و تۆمارکردنی گۆڵی بردنەوە. ناوەڕاستکارە ئیسپانییەکە لە کۆتایی ئەم وەرزەدا، تووشی پچڕانی ئەژنۆ بوو و وایکرد ئەم وەرزە لەدەست بدات.
دوایین حاڵەتیش دانی کارڤاخالی بەرگریکاری ریال مەدریدە کە توانیان 15هەمین نازناوی یانە پاڵەوانانی ئەوڕوپا بەدەست بهێنن و بە باشترین یارییەکە دیاری کرا، لەم وەرزەدا لە یاریی بەرامبەر ڤیاریال لە بەستەری ئەژنۆیدا تووشی پێکانی قورس بوو نەفرەتەکە ئەویشی گرتەوە.