یاریگا –
جارێکیتر ئینزۆ مارێسکا رووبەرووی پرسیارە چاوەروانکراوەکە کرایەوە لەبارەی ئەوەی چێڵسی لە کێبڕکێی نازناوی پرێمەرلیگدایە، ئەویش وەک هەمیشە جەختی لە بۆچوونەکانی خۆیکردەوە.
سبەی کاتژمێر 18:00 بە کاتی هەرێمی کوردستان بلووز لە میانی هەفتەی 18ی پرێمەرلیگ میوانداریی فوڵهام دەکات. کە ئێستا یانەی راهێنەرە ئیتاڵیەکە بە جیاوازیی 4 خاڵ لە دوای لیڤەرپوولی پێشەنگەوەیە، بەڵام رێدز یاریەک کەمتری ئەنجامداوە.
لە کۆنفرانسی رۆژنامەوانی پێش یارییەکە، مارێسکا وتی
ئێمە لە کێبڕکێی نازناوەکەدانیین. ئەمەش پەیوەندی نییە بەوەی فشار لەسەر یاریزانەکان، یانەکە و خۆم لابەرم. بەلای منەوە ئەوە راستییە. ئێمە لەپێشبینیەکانماندا پێشکەوتین لەرووی شێوازی یاریکردن و کۆکردنەوەی خاڵەوە. هیوادارم بەم نزیکانە رۆژێک بێت خۆم لە کێبڕکێی نازناوەکەدا ببینینەوە.
ئامانجی هێنانی مارێسکا بۆ یانەیەکی داڕووخاو کە زۆر دووربوون لە هەر کێبڕکێیەک، بە پلەی یەکەم بۆ گەڕاندنەوەی یانە لەندەنیەکەبوو وەک یانەیەکی کێبڕکێکار بەتایەت دوای ئەو پارە زۆروزەوەندەی لەوەتەی هاتنی تۆد بۆیلی وەک خاوەنی یانەکە لە گواستنەوەی یاریزاندا خەرجیانکرد بەڵام بێ ئاست و دەستکەوت مانەوە.
تیمەکەی ئینزۆ نەک هەر لە پرێمەرلیگ، لە کۆنفرانسلیگیش ئاستێکی نموونەیی پێشکەشدەکات و توانیویەتی هەر 6 یارییەکە بباتەوە.