یاریگا –
لە بەسڕە نەورۆز کۆتایی بە ئامادەکارییەکانی هێنا و بۆ یارییەکەی بەرامبەر نەفتی بەسڕە ئامادەیە.
لە قۆناخی دووەمی جامی عێراق، نەورۆز لە یاریگای فەیحا لە بەسڕە کاتژمێر 1:45ـی دوای نیوەڕۆ رووبەرووی نەفتی بەسڕە دەبێتەوە، ئەمڕۆش بە سەرپەرشتی قەحتان جەسیری راهێنەر نەورۆز دوایین مەشقی خۆی کرد و ئامادەییان بۆ یارییەکە دەربڕی.
نەفتی بەسڕە و نەورۆز شەش یاریی فەرمیان بەرامبەر یەکتر کردووە، نەورۆز دوو یاریی بردۆتەوە نەفتی بەسڕەش دوو یاریی براوە بووە و لە دوو یارییشدا یەکسان بوونە، بۆ یارییەکەش نەورۆز توانای هەریەک لە عیماد عیسای گۆڵپارێز و موعین ئەحمەدی بۆ گەڕاوەتەوە، لە بەرامبەریشدا ئینترێس گی و ئیفیانی ئیفیانی بەهۆی پێکان بەشداری یارییەکە ناکەن.
سوورپۆشانی سلێمانی یەکەم یارییە لە جامی عێراق لەم وەرزە ئەنجامی دەدەن بە هۆی ئەوەی وەرزی رابردووی لە 10 یانەکەی ریزبەندی یەکەم لە خولی ئەستێرەکانی عێراق لە قۆناخی دووەمەوە بەشداری جامی عێراقی کرد.