یاریگا –
روبن ئامۆریمی راهێنەری مانچێستەر یونایتد لە ئاستی هێرشبەرەکانی رازی نییە و شوێنگرەوەیانی دەوێت.
ئامۆریم دوای چەند هەفتەیەک لە دەستپێکی وەرزەکە لەجێی ئێریک تێن هاخ پۆستەکەی لە مان یو وەگرت, بەڵام چاوەڕواندەکرێت زیاتر لە نیودەرزەنی یاریزانانی ئێستای یانەکە لەژێر سەرپەرشتی روبن جێگەیان نەبێتەوە. بەگوێرەی نوێترین زانیارییەکان کە El Nacional بڵاویکردووەتەوە، ئامۆریم لە ئاستی راسموس هۆیلوند، جۆشوا زیرکزی و مارکوس راشفۆرد رازیی نییە.
زیرکزی کە هاوینی رابردوو لە بۆڵۆنیای ئیتاڵیەوە بە بڕی 36.5 ملیۆن پاوەند گواسترایەوە بۆ ئۆڵدترافۆرد، لەژێردەستی ئامۆریم هەلی زۆری پێنادرێت. لە پرێمەرلیگ بەشداری لە 601 خولەک یاریکردندا، لە یۆرۆپالیگیش لە 218 خولەکدا بەشداریپێکراوە. لە سەرجەمیشیاندا خاوەنی 3 گۆڵ و 2 ئەسێستە. هەرچی هۆیلوندی دانیمارکیە، لە 11 یاری پرێمەرلیگ تەنها 2 گۆڵ و لە 6 یاریی یۆرۆپالیگیش خاوەنی 5 گۆڵ و ئەسێستێکە.
ئەو سەرچاوەیە زانیویەتی کە ئامۆریم بەو هێرشبەرانەی لەسەرەوە ناوهێنران دڵخۆش نییە و لە بەرامبەردا خوازیارە ڤیکتۆر ئۆسیمین بگوازێتەوە.
هێرشبەرەکەی ناپۆلی کە ئێستا بەخواستن لە گالاتاسەرای یاریی دەکات، لەگەڵ یانە تورکیەکە توانیویەتی توانا گۆڵکارییەکانی خۆی پیشانداوەتەوە و بووەتە جێی گرنگی پاریس سان جێرمانیش.
هێرشبەرە نەیجیریەکە لە 10 یاری خولی تورکیا 7 گۆڵ و 3 ئەسێستی هەیە. لە 4 بەشداریی یۆرۆپالیگیش خاوەنی 3 گۆڵ و ئەسێستێکە.
لە بازاڕی گواستنەوەکانی هاویندا ناپۆلی لە ترسی ئەوەی ئۆسیمین لە ساڵی 2026 بەخۆڕایی یانەکە جێنەهێڵێت، نرخەکەی کەمترکردەوە بۆ 120 ملیۆن یۆرۆ. نوێترین زانیارییەکانی یەک دوو مانگی رابردووش باسیان لەوەدەکرد سەرەتای ساڵی 2025 بەهاکەی بۆ 81 ملیۆن یۆرۆ دادەبەزێت.
بڵاوبوونەوەی ئەو زانیارییە لەکاتێکدایە هەفتەی رابردوو رۆژنامەی زە سەنی ئینگلیزی ئاشکرایکرد کە مان یو چاوی لە گواستنەوەی خارالامپۆس کۆستۆلاسی هێرشبەری ئۆڵیمپیاکۆسە تا ئەم زستانە بیگوازنەوە بۆ ئۆڵدترافۆرد.
یەکەم گواستنەوەی چاوەروانکراو بۆ مان یونایتدی ئامۆریم – Yariga