ئەو چوار یاریزانە کوردە کێن لە جامی کەنداوی 26 یاریی بۆ هەڵبژاردەی عێراق دەکەن؟
چورا یاریزانی کورد لە کوێت درێسی هەڵبژاردەی عێراق دەپۆشن
یاریگا –
چوار یاریزانی کورد لە جامی کەنداوی 26 درێسی هەڵبژاردەی عێراق دەپۆشن، هەریەکە لە مێرخاس دۆسکی و هەڵۆ فایەق بە هۆکاری جیاواز لە پاڵەوانێتییەکە بێبەش بوون.
محەمەد حەسەن (ئیشۆجی دانیمارکی)، یوسف ئەمین (وەحدەی سعوودی)، ئەحمەد یاسین (ئۆرێبرۆی سویدی)، مارکۆ فەرەج (سترۆمسگۆدێستی نەرویجی) لەلایەن خیسوس کاساس راهێنەری هەڵبژاردەی عێراقەوە بانگهێشتکراون، بۆ ئەوەی لە جامی کەنداوی 26 درێسی شێرەکانی رافیدەین بپۆشن.
محەمەد حەسەن، ئیشۆی دانیمارکی
محەمەد حەسەن بە رەسەن خەڵکی هەولێرە و 1ـی ئەپرێل/نیسانی 2002 لە دانیمارک لەدایکبووە، زمانەکانی کوردی و ئینگلیزی و دانیمارکی دەزانێت، دوو برای گەورەتری هەن هەردووکیان یاریزانی تۆپی پێن.
لە تەمەنی پێنج ساڵییەوە لە ریزەکانی یانەی هۆفیگ دەستی بە یاریی کردووە، یاریی بۆ لاوانی کۆپێنهاگن و تیپی یەکەمی ڤالێنسبێک و نایستڤێد و ئیشۆی دانیمارکی کردووە و ئیستاش لە ریزی یانەی ئیشۆی یاریی دەکات.
محەمەد حەسەن کە مانگی مایۆی ئەمساڵ وڵاتینامەی عێراقی بەدەستهێنا، تاوەکو ئێستا هیچ یارییەکی بە درێسی هەڵبژاردەی عێراق نەکردووە، بەڵام خیسوس کاساس متمانەی تەواوی پێیەتی و بۆ جامی کەنداو بانگهێشتی ئەو گۆڵپارێزە 22 ساڵانەی کردووە.
ئەحمەد یاسین، ئۆرێبرۆی سویدی
ئەحمەد یاسین 22ـی ئەپرێل/نیسانی 1991 لە بەغدا لەدایکبووە و کوردی فەیلییە، ئێستا لە ریزی یانەی ئۆرێبرۆی سویدی یاریی دەکات و پێشبینی دەکرێت دوای جامی کەنداو گرێبەستەکەی لەگەڵ زاخۆ واژۆ بکات و ساڵی داهاتوو لە خولی ئەستێرەکانی عێراق یاریی بکات.
کوڕە کوردەکە پێشتر لە ساڵانی 2012-2019 بە درێسی هەڵبژاردەی عێراق 61 یاری و 6 گۆڵ و 8 ئەسیستی کردبوو، بەڵام ماوەیەک بوو لە هەڵبژاردەکە دوورکەوتبووەوە، کە دەتوانێت وەکو یاریزانی باڵی راست و چەپ و هێرشبەری سەرەڕم و یاریساز یاریی بکات.
ئەحمەد یاسین پێش ئەوەی پەیوەندی بە ریزەکانی ئۆرێبرۆی سویدییەوە بکات، بە درێسی خلود لە خولی پلەیەکی سعوودی لە 35 یاری 8 گۆڵ و 4 ئەسیستی کرد، پێشتر درێسی یانەی خۆری قەتەڕیشی پۆشیوە و لە خولی ئەستێرەکانی قەتەڕ یاریی کردووە، کە ئێستا لە بۆرسەی یاریزانان بەهای ئەو هێرشبەرە کوردە 325 هەزار یۆرۆیە.
مارکۆ فەرەج، سترۆمسگۆدسێتی نەرویجی
مارکۆ لاوک فەرەج 16ـی مارس/ئاداری 2004 لە گریمشتادت لە نەرویج لە دایک و باوکێکی کورد لەدایکبووە و بنەماڵەکەی خەڵکی سلێمانین، لە ریزی یانەی یێرڤی نەرویجی دەستی بە یاریی کردووە و چوار ساڵ لەمەوبەر پەیوەندی بە یانەی سترۆمسگۆدسێتی نەوریجی کرد کە لە خولی نایابی نەرویجی یاریی دەکات، تاوەکو کۆتایی ساڵی 2026 گرێبەستی لەگەڵ یانە نەرویجییەکە هەیە، ئەو کوڕە کوردە لە باڵەکان و ناوەڕاست یاریی دەکات.
مارکۆ ساڵی رابردوو لەگەڵ دایک و باوکی بۆ تەواوکردنی بەڵگەنامە یاساییەکانی بۆ پەیوەندیکردنی بە هەڵبژاردەی عێراق سەردانی هەرێمی کوردستانی کرد و زمانی کوردی و ئینگلیزی و نەرویجی دەزانێت، لە بۆرسەی یاریزانان بەگوێرەی پێگەی ترانسفێرمارکێت نرخەکەی دەگاتە 400 هەزار یۆرۆ،
ناوەڕاستی ئەمساڵ یاریزانە لاوە کوردەکە بۆیەکەمجار لەلایەن خیسۆس کاساسەوە بانگهێشتی هەڵبژاردەی یەکەمی عێراق کرا، ساڵی رابردوو بۆیەکەمجار لەلایەن رازی شنێشل راهێنەری هەڵبژاردەی ئۆڵێمپی عێراق بانگهێشتی پاڵەوانێتی دۆستانەی ئۆڵێمپی دەوحە کرا و لەو پاڵەوانێتییە بۆیەکەمجار درێسی عێراقی پۆشی و سێ یاریی بە درێسی هەڵبژاردەی ئۆڵێمپی عێراق کرد.
یوسف ئەمین، وەحدەی سعوودی
لە 21ـی ئۆگێست/ئابی 2003 لە ئیسن لە ئەڵمانیا لەدایکبووە، ماڵباتەکەی بە رەسەن خەڵکی دەربەندیخانن، پێشتر لە ریزی یانەکانی بۆڕووسیا دۆرتموندی ئەڵمانی، ڤیکتۆریا کۆلنی ئەڵمانی، ئێنتراخت براونشڤیگی ئەڵمانی و فاینۆردی هۆڵەندی یاریی کردووە، ئێستا لە یانەی وەحدەی سعوودی لە خولی رۆشنی سعوودی یاریی دەکات.
یوسف ئەمین لەم وەرزەی خولی رۆشنی سعوودی لە 12 یاری 894 خولەک یاریی کردووە و 2 گۆڵی بە درێسی یانەکەی تۆمارکردووە.
ساڵێکە یوسف ئەمین لەلایەن کاساسەوە بانگهێشتی هەڵبژاردەی عێراق دەکرێت، لە 10 یاری بە درێسی شێرەکانی رافیدەین گۆڵێکی کردووە.