یاریگا –
کاساس لە کۆنگرەی رۆژنامەوانی پێش یاریی یەکەمی عێراق بەرامبەر یەمەن لە جامی کەنداو دەڵێت :’دەمانەوێت بە بەدەستهێنانی جامی کەنداو دڵی گەلی عێراق خۆش بکەین’.
خیسوس کاساس راهێنەری هەڵبژاردەی عێراق لەبارەی ئامادەکارییەکانیان بۆ جامی کەنداوی 26 گوتی :’سەرەڕای ئەوەی چەندان کێشەمان هەیە، بەشێک لە یاریزانەکانمان پێکانیان هەیە و بەشێکیشیان بەهۆی رێگاپێنەدانی یانەکانیان نەیانتوانی بەشداریی ئەم پاڵەوانێتییە بکەن، بەڵام ئێمە بۆ جامی کەنداو ئامادەین’.
گەرچی گەیشتن بە مۆندیال ئامانجی لەپێشینەی ئێمەیە، بەڵام دەمانەوێت بە بەدەستهێنانی جامی کەنداو دڵی گەلی عێراق خۆش بکەین.
هەروەها گوتیشی :’هەر راهێنەرێک بەشداریی ئەم پاڵەوانێتییە بکات دەیەوێت نازناوەکە بباتەوە، بۆیە هەر کەسێک شتێکی پێچەوانەی ئەمە بڵێت راست ناکات، من پاڵاوتنەکانی جامی جیهانیم لەلا گرنگترە، ئەم پاڵەوانێتییە دەرفەتێکی باشە بۆ ئەوەی یاریزانی نوێ تاقیبکەینەوە و پلانەکانمان جێبەجێ بکەین کە بۆ پاڵاوتنەکان دەمانەوێت پەیڕەوی بکەین’.
کاساس گوتیشی :’سەرکەوتن بۆ مۆندیال ئامانجی لەپێشینەی ئێمەیە، بەردەوامبوونی خولی ناوخۆییش گرنگە، من پاڵپشتی بڕیارەکەی فیدراسیۆنی تۆپی پێ دەکەم و ئەم پاڵەوانێتییە دەبێتە دەرفەتێکی باش بۆ تاقیکردنەوەی کۆمەڵێک یاریزانی نوێ’.
لەبارەی رووبەڕووبووبونەوەی هەڵبژاردەی یەمەن، گوتی :’من سەیری دوایین دوو یاریی هەڵبژاردەی یەمەنم کرد، هەڵبژاردەیەکی بەهێزە بەتایبەتی لە هێلی ناوەڕاست، لەبەر ئەوەی ماوەی پاڵەوانێتییەکە کورتە دەتوانێت رکابەری لەسەر نازناوەکە بکات، پێویستە ئێمە لە یارییەکەی سبەی بەوپەڕی توانامان یاریی بکەین بۆ ئەوەی ببەینەوە، ئامانجمان ئەوەیە نازناوەکە بەدەست بهێنین و دڵی گەلی عێراق خۆش بکەین’.
کاساس گوتیشی :’یاریی تۆپی پێ بە پێ دەکرێت بۆیە یاریزانە باڵابەرزەکان لەپێشینە نین، مەرج نییە تەنیا یاریزانانی باڵابەرز بۆ لێدانە سەرەکان بەکاربهێنین، ئێمە لە ئیسپانیا پشت بە یاریزانە باڵا کورتەکانیش دەبەستین، بۆ نموونە کارلێس پویۆل لە لێدانی سەر زۆر باش بوو، لیۆنێل مێسی باشترین یاریزانی جیهان باڵای کورتە’.