ئانچێلۆتی، ڤینیسیوس بەتایبەتی قەرەبوو دەکاتەوە
یاریگا –
ڤینیسیۆس جونیۆر بە هۆی کەلەکە بوونی کارتەکانی لە یاریی بەرامبەر سێڤیا بێبەش دەبێت، بەم هۆیەوە دوو رۆژ زووتر لە هاوتیمیەکانی پشووی پێدەدرێت.
دوای بردنەوەی نازناوی جامی کیشوەرەکان، کارلۆ ئانچێلۆتی ئاشکرای کرد کە زووتر لە وادەی دیاریکراو پشوو بە هێرشبەرەکەی دەدات.
ڤینیسیۆس جونیۆر هەفتەیەکی باوەڕپێنەکراوی لە دۆحە ئەزموون کرد. دوای ئەوەی خەڵاتی باشترین یاریزانی جیهانی بەدەستهێنا، هەروەها خەڵاتی باشترین یاریزانی لە یاری کۆتایی جامی نێوان کیشوەرەکان پێدرا و نازناوێکیتریشی لەگەڵ یانەکەی بردەوە.
هەرچەندە ڤینیسیۆس راستەوخۆ دوای یارییەکە خواستی خۆی بۆ سەرکەوتنی زیاتر نیشان دا، بەڵام دەبێت چاوەڕێی ساڵی نوێ بکات بۆ ئەوەی جارێکی دیکە یاری بۆ تیپەکەی بکاتەوە. ریال مەدرید ئەمساڵ تەنیا یەک یاری تری ماوە و رۆژی یەکشەممە لە یاریگای سانتیاگۆ بێرنابیۆ رووبەڕووی سێڤیا دەبێتەوە، بەڵام ڤینیسیۆس بەهۆی سزای پێنج کارتەوە لەم یارییە بێبەش دەبێت.
ئانچێلۆتی دوای یارییەکەی دوێنێ شەو سەبارەت بە ڤینی گوتی:
ڤینی رۆژی هەینی لەگەڵمان مەشق و راهێنان دەکات و لە رۆژی شەممەوە پشووی پێدەدەین. پێویست ناکات تا یەکشەممە یاوەریمان بکات، بەڵام لە 30ی کانوونی دووەمدا وەک هەموومان بەشداری بۆ مەشق و راهێنانەکان دەکاتەوە.
بەم شێوەیە ڤینیسیۆس دەتوانێت دوو رۆژ زیاتر پشوو وەرگرێت وکاتی زیاتر لەگەڵ هاوڕێکانی و خێزانەکەی بەسەر ببات. ریال مەدرید لە 3ی مانگی داهاتوو بەرامبەر ڤالێنسیا یاری دەکات و دواتر لە 6ی یەنایەر لە جامی شای ئیسپانیا رووبەڕووی دیپۆرتیڤا مینێرا دەبێتەوە.