یاریگا –
جارێکی دیکە ئێمباپێ باسی پاریس سانجێرمان دەکات و ئەو یانەیە و دەڵێت ‘ئەو یانەیەم بەجێندەهێشت ئەگەر ریال مەدرید نەبووایە’.
کیلیان ئێمباپێ هێرشبەری پێشووی پاریس سانجێرمانی فەڕەنسی دەڵێت :’ئەگەر نەچووبامە ریال مەدرید تا کۆتایی کاروانی وەرزشیم لە پاریس سانجێرمان دەمامەوە، من ئێستاش سەیری یارییەکانی پاریس سانجێرمان دەکەم، کۆمەڵێک هاوڕێم لەو یانەیە یاریی دەکەن و ئاستێکی بەرز پێشکەش دەکەن’.
ئێمباپێ لەبارەی کریستیانۆ رۆناڵدۆ کە نموونەی باڵایەتی، دەڵێت :’خەونی یاریكردنم لەگەڵ كریستیانۆ رۆناڵدۆ هەبوو، بەڵام ئێستا شتەكە ئاڵۆزە، چانسی ئەوەم هەبووە بەرامبەری یاریی بكەم، ئەو ئەفسانەی تۆپی پێیە’.
کیلیان لە درێژەی قسەکانی دەڵێت؛ دەرفەتی ئەوەم بۆ رەخسا لەگەڵ یاریزانە گەورەکانی وەک مێسی، نێیمار، پۆگبا، گریزمان و بێنزێما یاریی بکەم، زینەدین زیدانیش ئەو یاریزانەیە حەزم دەکرد لەگەڵی یاریی بکەم.
ئێمباپێ ماوەی حەفت ساڵ لە ریزەکانی پاریس سانجێرمان یاریی دەکرد و هاوینی رابردوو گرێبەستی لەگەڵ ریال مەدرید واژۆکرد.