وردەکاری دەنگدانەکە؛ ڤینیسیۆس چۆن خەڵاتی زە بێستی یەکلایی کردووەتەوە؟
یاریزانان و هاندەران جونیۆریان رزگارکردووە
یاریگا –
شەوی رابردوو لە دەوحەی پایتەختی قەتەر رێورەسمی خەڵاتەکانی زە بێستی 2024 بەڕێوەچوو، ڤینیسیۆس خەڵاتی باشترین یاریزانی جیهانی پێبەخشرا.
بۆ دیاریکردنی باشترین یاریزانی جیهان، کاپتن و راهێنەرانی سەرجەم هەڵبژاردەکانی جیهان، هاندەران و رۆژنامەنووسان مافی دەنگدانیان هەیە.
ڤینیسیۆس جونیۆر چۆن بووە باشترینی جیهان؟
رۆدری ئەستێرەی مانچێستەر سیتی بۆ خەڵاتی زە بێست رکابەری سەرەکی ڤینیسیۆس بوو، ئەستێرە ئیسپانییەکە زۆرترین دەنگی رۆژنامەنووسان و راهێنەرانی بەدەستهێناوە، بەڵام ئەستێرە بەڕازیلییەکە دەنگی زۆرینەوەی کاپتنی هەڵبژاردەکان و هاندەرانی بەدەستهێناوە و بە دەنگی ئەو دوو بەرەیە خەڵاتەکەی یەکلایی کردووەتەوە.
بەگوێرەی زانیارییە فەرمییەکانی فیفا، 617 کاپتن دەنگیان بە ڤینیسیۆس داوە و رۆدریش 373 دەنگی کاپتنەکانی بەدەستهێناوە.
بەڵام بە دەنگی راهێنەران رۆدری لەپێش بووە کە 461 دەنگی بەدەستهێناوە و ڤینیش 438 دەنگی راهێنەرانی بەدەستهێناوە.
بە دەنگی رۆژنامەنووسانیش جارێکی دیکە رۆدری بە جیاوازییەکی کەم کەپێش بووە و 543 دەنگی بەدەستهێناوە و جونیۆریش 538 دەنگی بەدەستهێناوە.
بە دەنگی هاندەران ڤینیسیۆس بە جیاوازییەکی زۆر لەپێش بووە، 1 ملیۆن و 147 هەزار و 276 دەنگی بەدەستهێناوە و رۆدریش 264 هەزار و 835 دەنگی بەدەستهێناوە.
بە کۆی دەنگەکانیش ڤینیسیۆس جونیۆر بە کۆکردنەوەی 48 خاڵ پلەی یەکەمی بەدەستهێنا، رۆدری بە 43 خاڵ پلەی دووەم و بێڵینگهامیش بە 37 خاڵ پلەی سێیمی بەدەستهێناوە.