یەکلاییبووەوە؛ وۆڵڤز راهێنەری نوێی دەستنیشانکرد
راهێنەرێکی پۆرتوگالی بۆ پرێمەرلیگ زیاد دەبێت
یاریگا –
وۆڵڤز لەگەڵ ڤیتۆر پێرێیرا رێکەوت و دەبێتە شوێنگرەوەی گاری ئۆنیڵ.
فێرێیرا ئێستا راهێنەری شەبابی سعوودییە و یانە ئینگلیزییەکە ئامادەیە، بڕی 800 هەزار پاوەند وەکو قەرەبوو بداتە یانە سعوودییەکە.
تۆڕی وەرزشی سکای سپۆرتس بڵاویکردووەتەوە، پێرێیرا و وۆلڤز لەسەر مەرجەکانی کەسی رێککەوتوون و پێشبینی دەکرێت، گرێبەستێک بۆ ماوەی یەک ساڵ و نیو لەگەڵ گوورگەکان واژۆ بکات.
ئەمڕۆ راهێنەرە 56 ساڵییەکە دەچێتە ئینگلتەرا و لە 24 کاتژمێری داهاتوو، گرێبەستەکەی رادەگەیێندرێت.
ئۆنڵ لە دوای دۆڕانەکەی بەرامبەر ئیپسویچ تاون 2-1 لە پۆستەکەی دوورخرایە، چونکە بەو ئەنجامە، وۆلڤز دابەزییە پلەی 19، بە جیاوازی پێنج خاڵ لەگەڵ لێستەر سیتی خاوەنی پلەی 17.
پێرێیرا خاوەن تۆمارێکی گەورەیە و لەگەڵ یانەکانی پۆرتۆ، ئۆڵیمپیاکۆس و شانگهای نازناوی بەدەستهێناوە.
راهێنەرە پۆرتوگالییەکە لە فێبرایەر/شوباتی رابردوو بووە راهێنەری شەبابی سعوودی، هەرچەندە پێشتر ناوی بە ئێڤەرتن بەسترابووەوە.