یاریگا –
ئوسامە رەشید دوای 74 رۆژ دەگەڕێتەوە و ئەمڕۆ ئێوارە لە یاریی بەرامبەر سامەڕا ئامادە دەبێت.
تۆڕی وەرزشی یاریگا زانیویەتی، ئوسامە رەشید ناوەڕاستکاری هەڵبژاردەی عێراق و یانەی هەولێر بە تەواوەتی لە پێکانەکەی چاکبووەتەوە و دوای زیاتر لە دوو مانگ دابڕانی، ئەمڕۆ ئێوارە دەگەڕێتەوە سەر لاکێشەی سەوز و بۆ یاریی بەرامبەر سامەڕا لە جامی عێراق ئامادە دەبێت.
ئوسامە رەشید رۆژی 5ـی ئۆکتۆبەر لە یاریی بەرامبەر زەوڕا لە خولی ئەستێرەکانی عێراق تووشی پێکان بوو، دوای 74 رۆژ دابڕانی لە یاریگاکان، ئەمڕۆ لە یاریی بەرامبەر سامەڕا بانگهێشت دەکرێت و وابڕیارە لە بەشی کۆتایی یارییەکە چەند خولەکێک بەشداریی بکات، بۆ ئەوەی بگەڕێتەوە نێو پێکهاتەکەی سەمیر بابۆ.
ئوسامە رەشید بۆ دڵنیایی زیاتری لەبارەی پێکانەکەی، هەفتەی رابردوو سەردانی قەتەڕی کرد و لەوێ پشکنینی زیاتری بۆ کرا، کە بەهۆی پێکانەکەی لە 8 یاریی رابردووی یانەکەی قەڵاومنارە دابڕابوو.
ئەمڕۆ ئێوارە کاتژمێر 17:00 هەولێر لە قۆناخی 32ـی جامی عێراق لە یاریگای فڕانسۆ هەریری میوانداریی سامەڕا دەکات.