دوای دۆڕانەکەی دوێنێ شەو فلیک بڕیارێکی سەیر دەدات
یاریگا –
لەسەر بڕیاری راهێنەرە ئەڵمانییەکە، یاریزانانی بارسێلۆنا دوای شکستی شەوی رابردوو بەرامبەر لێگانێس، دوو رۆژ پشوویان پێدرا.
بارسێلۆنا، شەوی رابردوو لەم وەرزەدا بۆ دووەمجار لەسەریەک لە یاریگای خۆی نەیبردەوە، دوای ئەوەی دوو هەفتە لەمەوبەر بەرامبەر لاس پاڵماس بە ئەنجامی 1-2 دۆڕابوو، کەم کەس پێشبینی دەکرد بەرامبەر لێگانێسیش بدۆڕێت.
بەڵام بە پێچەوانەی چاوەڕوانییەکان رۆژنامەی موندۆ دیپۆرتیڤۆ ئاشکرای کردکە، فلیک دوو رۆژ پشووی بە یاریزانەکانی داوە، هۆکارەکەشی ئەوەیە کە هەفتەی رابردوو تیپەکە بە هیچ شێوەیەک پشوویان وەرنەگرت و دوایی یارییەکەی دۆرتمۆند یارییان کرد، هەرلە ئەڵمانیا دەستیان بە مەشق و راهێنانەکان کردەوە و دواتر گەڕانەوە.
دوای بڕیارەکەی فلیک یاریزانان رۆژی چوارشەمە دەست بە مەشق دەکەنەوە و خۆیان بۆ یارییە گرنگەکەی خول بەرامبەر ئەتلەتیکۆ مەدرید کە بڕیارە رۆژی شەممە بکرێت ئامادە دەکەن. بەمەش قۆناغی یەکەمی خولەکە بۆ بلاوگرانا کۆتایی دێت.
شکستی کەتەلۆنیەکان بەرامبەر لێگانێس وایکرد بارسا بە کۆکردنەوەی 38 خاڵ لەگەڵ ئەتلەتیکۆ یەکسان بمێنێتەوە، ئەمەش لە کاتیکدایە ئەتلەتیکۆ یارییەکی کەمتری کردووە. ریال مەدریدیش بە کۆکردنەوەی 37 خاڵ لە پلەی سێیەمدایە و یەک یاری کەمتر لە بارسێلۆنا کردووە.