یاریگا –
کیلیان ئێمباپێ لەپێناو بەشداریکردن لە یاریی کۆتایی جامی کیشوەرەکان دەجەنگێت.
ئەستێرە فەڕەنسییەکە سێشەممەی رابردوو لە گەڕی شەشەمی چامپیۆنزلیگ بەرامبەر ئاتاڵانتا لە خولەکی 10 گۆڵێکی سەرنجڕاکێشی کرد و لە خولەکی 36ـیش بەهۆی پێکان یاریگای جێهێشت.
دوو رۆژ دواتر لە مەدرید پشکنینی پزیشکی بۆ کرا، دەرکەوت لە ماسولکەکانی قاچی چەپی تووشی پێکان بووە، بەو هۆیەش تاوەکو 10 رۆژ ناتوانێت یاریی بکات.
ماڵپەڕی رێلێڤۆ بڵاویکردووەتەوە، کیلیان بەسەختی کاردەکات تاوەکو زوتر لە وادەی خۆی لە پێکانەکەی چاکبێتەوە، دەیەوێت بەشداریی یاریی کۆتایی جامی کیشوەرەکان بکات کە ئەم چوارشەممەیە ریال مەدرید لە قەتەر رووبەڕووی پاچوکای مەکسیکی دەبێتەوە.
بەگوێرەی زانیارییەکانی هەمان سەرچاوە، کیلیان پەنای بردووەتە بەر ئەو پزیشکی لە مۆناکۆ و لە سەرەتای یاریکردنی پشتی پێ دەبەست و چارەسەری دەکرد. لەسەر داوای ئەستێرە فەڕەنسییەکە ئەو پزیشکە چەند رۆژێکە لە مەدریدە و هەفتەی دوو رۆژ چاودێری ئێمباپێ دەکات و کار بۆ خێرا چاکبوونەوەی دەکەن.
رێلێڤۆ ئاماژەی بەوەش کردووە ئێمباپێ هیوایەکی زۆری هەیە بتوانێت بەشداری یارییەکە بکات. بە ئەگەرێکی زۆر لەسەر کورسی یەدەک دەبێت و لە گێمی دووەم چەند خولەکێک یاریی دەکات.