یاریگا –
دهۆک دەڵێن بۆ یارییەکەی بەرامبەر شوڕتە ئامادەکارییەکانمان تەواو کرد و تەنها چاوەڕێی سبەی دەکەین.
لە یارییەکی دواخراوی خولی ئەستێرەکانی عێراق، دهۆک کاتژمێر 6ـی ئێوارەی دوو شەممە ( 16ـی دیسێمبەری 2024 ) لە یاریگای شەعب رووبەرووی شوڕتە دەبێتەوە، لە پەڕەی تایبەتی خۆیان دهۆک وێنەی دوایین ئامادەکارییەکانیان بڵاو کردۆتەوە و دەڵێن ئامادەین و تەنها چاوەڕێی سبەی دەکەین، ئەم یارییەش بە هۆی بەشداریکردنی هەر دوو یانە لە پاڵەوانێتیەکانی دەرەوە دواخرا بوو.
پیتەر گۆرگیس بە هۆی پەیوەندیکردنی بە ریزی هەڵبژاردەی عێراق بۆ بەشداریکردن لە پاڵەوانیەتی جامی کەنداو و ماسیس ئارتین بە هۆی گەڕانەوەی بۆ وڵاتی هۆڵەندا بە مەبەستی پێکهێنانی ژیانی هاوسەرگیری بەشداری یارییەکەی سبەی ناکەن.
دهۆک و شوڕتە 21 یاریی فەرمیان بەرامبەر یەکتر کردووە، شوڕتە 11 یاریی براوە بووە و دهۆکیش تەنها لە چوار یاریدا سەرکەوتنی بە دەستهێناوە و شەش یاریش یەکسان بوونە، لەم وەرزە شوڕتە لە هەشت یاریی 17 خاڵی هەیە لە ریزبەندی حەفتەمە، دهۆکیش لە هەشت یاریی 11 خاڵی هەیە و لە ریزبەندی 14ـەم دێت.