کامیان لە دڵی بەرگری سەرەکی بێت، ئەسینسیۆ یان چوامینی؟
بەراوردکاری ئامارەکانی نێوان دوو بژاردەکەی ئەنچیلۆتی
یاریگا –
سەرەڕای ئەوەی ئەسینسیۆ دوای پێکانەکەی میلیتاو ئاستێکی بەرز پێشکەش دەکات، بەڵام ئەنچیلۆتی دوای گەڕانەوەی چوامینی لە پێکانەکەی، ئەو یاریزانە فەڕەنسییە لە دڵی بەرگری یاریی پێدەکات.
رۆژنامەی ئاس راپۆرتێکی لەبارەی بەراوردکردنی نێوان رائول ئەسێنسیۆ و ئۆریلیەن چوامینی بڵاوکردووەتەوە، کە هاندەران داوا دەکەن بەرگریکارە لاوەکە لە دڵی بەرگری لە پاڵ ئەنتۆنیۆ رۆدیگەر یاریی بکات، کە لەوەتەی ئیدێر میلیتاو و داڤید ئالابا تووشی پێکان بوون، کارلۆ ئەنچیلۆتی لە دڵی بەرگری تووشی کێشە بووە.
رۆژنامەی ئاس ئاشکرایکردووە، ئەسێنسیۆ لەدوای پێکانەکەی میلیتاو بەرامبەر ئۆساسۆنا لە دڵی بەرگری بەرامبەر لیگانێس، لیڤەرپوول، خیتافی و ئاتلێتیک بلباو سەرەکی بوو، ئاستێکی بەرزی پێشکەشکرد، بەڵام دوای چاکبوونەوەی چوامینی لە پێکانەکەی، ئەنچیلۆتی لە دوایین دوو یاریی بەرامبەر ئاتالانتا و رایۆ ڤاییکانۆ لە دڵی بەرگری یاریی بەو ناوەڕاستکارە فەڕەنسییە کرد.
رۆژنامە مەدریدییەکە رایگەیاندووە، ریال مەدرید لە دوایین 6 یاریی لالیگا لە 5 یاری ئەسینسیۆ بەشداریی کردووە، کە لەو یارییانە ریال مەدرید چوار کلین شیتی تۆمارکرد و تەنیا دوو گۆڵی لێکرا، بەبێ ئەسینسیۆ یەک یاریی کردووە، لەو یارییە کە بەرامبەر رایۆ ڤاییکانۆ بوو، ریال مەدرید سێ گۆڵی لێکرا و نەیتوانی بباتەوە.
بەگوێرەی راپۆرتە بنکۆڵکارییەکەی ئاس، کاتێک ئەسینسیۆ سەرەکی بووە ریال مەدرید لە پێنج یاری تەنیا چوار گۆڵی لێکراوە، بەڵام کاتێک چوامینی سەرەکی بووە لە دوو یاری ریال مەدرید بەرامبەر ئاتاڵانتا و ڤاییکانۆ پێنج گۆڵی لێکراوە.
رۆژنامەی ئاس ئاشکرایکردووە، لە سەرەتای ساڵی نوێ پێشبینی دەکرێت داڤید ئالابا لە پێکانەکەی بگەڕێتەوە سەر لاکێشەی سەوز، ئەوکات دەرفەتی بەردەم ئەسینسیۆ بۆ خۆسەلماندنی کەمتر دەبێت.