شێوازی ئاهەنگگێڕانەکەی دانی ئۆلمۆ بەفەرمی بەناوی یاریزانەکە تۆمارکرا
بووە بەشێک لە مافی کەسێتی یاریزانە ئیسپانییەکە
یاریگا –
شێوازی ئاهەنگگێڕانەکەی دانی ئۆلمۆ بەفەرمی بەناوی یاریزانەکە تۆمارکرا و بووە بەشێک لە مافی کەسێتی یاریزانە ئیسپانییەکە.
شێوازی ئاهەنگگێڕانە بەناوبانگەکەی دانی ئۆلمۆ کە ئاماژە بە کاتژمێری دەستی دەکات، لە نووسینگەی خاوەندارێتی مافی لەبەرگرتنەوەی یەکێتی ئەوروپا بە ناوی (EUIPO) تۆمار کرا.
ئەم کارەی ئۆلمۆ دوای پرۆسەیەکی نوێ دێت کە لە نێوان ئەستێرەکانی تۆپی پێ بۆ پاراستنی مافە بازرگانییەکانیان دەستیپێکردووە. پێش ئەو یاریزانانی وەک جود بێلینگهام و کیلیان ئێمباپێ شێوازی ئاهەنگگێڕانی خۆیان لەدوای تۆمارکردنی گۆڵ تۆمارکردووە و بووەتە بەشێک لە مافی کەسێتییان و هیچ کەسێکی مافی لەبەرگرتنەوەی ئەو شێوازە ئاهەنگگێڕانەی نییە.
تۆمارکردنی مافی لەبەرگرتنەوەی شێوازی ئاهەنگگێڕانیان رێگە بە یاریزانان دەدات ئەو شێوازە ئاهەنگێڕانە وەک نیشانەیەکی بازرگانی لەسەر بەرهەمە جیاوازەکان بەکاربهێنن، لەوانە جل و بەرگ و کەل و پەلی وەرزشی و کاڵای دیکەی. هەروەها رێگری دەکات لە بەکارهێنانی بێ مۆڵەتی ئەم ئاهەنگگێرانە لەلایەن کەسانی دیکەوە بۆ مەبەستی بازرگانی.