ئانچیلۆتی هۆکارەکانی کەمی بەشداریپێکردنی ئێندریک رووندەکاتەوە
یاریگا –
جارێکیتر کارلۆ ئانچیلۆتی رووبەڕووی بابەتی کەمی بەشداریکردنی ئێندریک کرایەوە، وەک یەکێک لە پرسیارە باوەکان کە لەو راهێنەرە دەکرێت.
ئەمڕۆ ریاڵ مەدرید کاتژمێر 23:00 بە کاتی هەولێر دەبێتە میوانی رایۆ ڤایکانۆ لە میانی هەفتەی 18ی خولی ئیسپانی، لەو یارییەی کە چاوەڕواندەکرێت ئێندریک هەلی پێبدرێت، ئەوەش بەهۆی ئامادەنەبوونی کیلیان ئێمباپێ.
لاوە بەڕازیلیەکە ئەم وەرزە تا ئێستا لە 11 یاریدا بەشداریپێکراوە کە سەرجەمیان تەنها 71 خولەکە. لەو بارەیەوە ئانچیلۆتی لە کۆنفرانسی رۆژنامەوانی پێش یارییەکە، لە وەڵامی ئەو رەخنانەی لێی دەگیردرێت لەبارەی کەمی گۆڕینی پێکهاتەکەوە، وتی
ئەوە راستە. من گۆڕانکاریی لە پێکهاتەکەمد بەگوێرەی ئامادەیی یاریزانانەوە دەکەم. بە هەبوونی تیمێکەوە کە 14-15 یاریزانم ئامادەن، ئاڵنگارییە بتوانم پێکهاتە بگۆڕم. یاریزانی زۆر لاومان هەن، شتێکی ئەرێنی نییە یارییان پێبکەیت لەکاتێکدا یانەکەت ئاستی باش نەبێت. ئێوە، بۆ نموونە قسە لەسەر ئێندیک دەکەن کە خولەکی کەمی دەدەمێ و ئەو قسانە، ئەو هێشتا زۆر گەنجە و پێویستی بەوەیەوە رێگەی بدرێتێ خۆی بگونجێنێ. زۆر هۆکار هەیە کە دەبێ لەبەرچاو بگیردرێن.
لە چامپیۆنزلیگیش کە یانە شاهانەکە لە دۆخی نموونەیی خۆیاندا نین، ئێندریک لە 3 یاریدا 78 خولەک بەشداریپێکراوە. لەم وەرزە لە هەردوو خولی ئیسپانی و یانە پاڵەوانەکانی ئەورووپا 2 گۆڵی تۆمارکردووە.
بە بردنەوەی یاریەکەی ئەمڕۆ، مێرەنگی خاڵەکانی بەرزدەکاتەوە بۆ 39 و بە فەرمی و بە جیاوازیی خاڵێک پێشەنگ لە بارسێلۆنای رکابەری وەردەگرێتەوە.