یاریگا –
دوای یەکێک لە شکستەکانی ئەم دواییەی مانچێستەر سیتی، پێپ گواردیۆلا بە رووخسارێکی بریندار لە بەردەم کامێراکان دەرکەوت، هەمووان پرسییان هۆکاری ئەم برینانە چی بوو؟
پێپ گواردیۆلا لە کۆتایی یارییەکەی بەرامبەر فاینۆرد کە بە ئەنجامی 3-0 لە پێش بوون و دواتر نەیانتوانی پارێزگاری لە گۆڵەکەیان بکەن و یارییەکە بە ئەنجامی 3-3 کۆتایی هات بە چەند برینێک لەسەر روخساری دەرکەوت، ئەو فشارانەی لە دوای چەندین شکست لەسەری بووە دەتوانێت هۆکاری ئەم برینانە بێت. مارکا سەبارەت بەم ئازاردانی جەستەیی پێپ قسەی لەگەڵ چەند دەروونناسێک کرد تاوەکو هۆکارەکەی زیاتر روون بێتەوە.
خۆسێ مارتین دێل پیگۆ دەروونناس دەڵێت :’گەر ئەم رەفتارە وەک زیانگەیاندن بە خۆمان سەیر بکرێت، واتە ئێمە بەدوای ئازاردا دەگەڕێین نەوەک مردن، لەم دۆخەدا ئەوەی روودەدات ئەوەیە کە ئازارگەیاندنەکە لەگەڵ دڵەڕاوکێکەدا روودەدات’.
بە گوتەی ئەو شارەزایە، ئەم حاڵەتە دەکرێت بەسەر هەموو کەسێکدا بێت، بەڵام هەریەکەیان بە شێوەیەکی جیاواز. لە هەرزەکاراندا، ” ئازاردانی جەستە بۆ رزگاربوونە، رێگەیەکە بۆ رێکخستنی کۆئەندامی دەمار، بەڵام لە گەورەکاندا ئەم جۆرە رەفتارانە دەتوانن پەیوەندییان بە رابردووەوە هەبێت.
لە دۆسیەی گواردیۆلادا، “ئەو فشارانەی کاتێک یاریزان بووە و ئەو فشارەی ئێستا وەک راهێنەرێک لەسەریەتی، دەتوانرێت پەیوەست بکرێت بەم جۆرە ئازاردانی جەستەییە بەبێ ئەوەی ئارەزووی مردنی هەبێت.
بە گوتەی نۆئێلیا مۆرێنۆ، پسپۆڕی دەروونناس لە نەخۆشخانەکانی ئێچ ئێم، ئەم جۆرە برینانە هەندێک جار روودەدەن “کاتێک بە دۆخێکی پرسۆزدا تێدەپەڕین کە بەهۆی هۆکاری ناوەوە یان دەرەکییەوە دروست دەبێت، و دەگەینە حاڵەتێک کە تێیدا خەریکی رەفتارێکی لەم شێوەیە دەبین و هۆشیاریمان کەم دەبێتەوە.، وەک جۆرێک لە دەردانی ئازاری ناخمان، لەم حاڵەتەدا، لەبری ئەوەی هاوار بکەین، یان دەرگا بە توندی دابخەین، خۆمان ئازار دەدەین.”
بەڵام بۆچی ئەمە روودەدات؟
بە گوتەی مۆرێنۆ، ئەم جۆرە حاڵەتانە بەزۆری لە بارودۆخی فشاردا روودەدەن: “فشاری دەروونی کاتێک دەردەکەوێت کە چاوەڕوانییەکانمان بۆ مامەڵەکردن لەگەڵ دۆخێکی دیاریکراودا ئەوە نەبووە کە ویستوومانە. لە دۆسیەی گواردیۆلادا فشاری سۆشیال و میدیا و دەرئەنجامەکانی دۆڕانی یارییەکان تووشی سترێسی زۆر بووە و ئەویش بەم شێوەیە کاردانەوەی هەبووە. هەروەها پێویستە ئەو هۆکارە خێزانی و کەسییانەی کە رەنگە هەبن، لەبەرچاو بگیرێن”.
سەبارەت بە تایبەتمەندییەکانی کەسێک کە زیان بە خۆی دەگەیەنێت، دێل پیگۆ دەڵێت “دەتوانێت بەسەر هەمووماندا بێت”.
بەڵام بە گوتەی پسپۆڕانی پەیمانگای باڵای توێژینەوەی دەروونی، دەتوانرێت کۆمەڵێک تایبەتمەندی هاوبەش لەو کەسانەدا بەدی بکرێت کە زیان بە خۆیان دەگەیەنن:
کەمی توانای سۆزداری، واتە نیشاندانی سەختی لە دەربڕینی هەستەکان.
رەخنەگرتن لەخۆت، ئەو کەسانەی رەخنەیان لەخۆیان هەیە، زۆرجار زیان بەخۆیان دەگەیەنن و بە توڕەیی یان رق و کینە سزای خۆیان دەدەن و متمانەیان بەخۆیان نییە.
لە لایەکی ترەوە، سەبارەت بە تایبەتمەندی ئەو کەسانەی کە لە کاتی رووبەڕووبوونەوەی فشاری دەروونیدا زیادەڕەوی دەکەن، پێویستە ئاماژە بەوە بکرێت کە هەندێک کەس باشتر لە هەندێکی تر ئەم حاڵەتانە بەڕێوەدەبەن، هەروەها کەسانێک هەن کە زیاتر مەیلیان بۆ ئەم جۆرە رەفتارانە هەیە.
بەگوتەی دێل پیگۆ، لەکاتی رووبەڕووبوونەوەی ئەم جۆرە رەفتارە یان بارودۆخی لەم شێوەیە، چەندین رێگەچارەی جیاواز هەیە:
هەبوونی ژیانێکی ئارامتر و رێکوپێکتر، کەمکردنەوەی ئەرکەکانی کار و سترێس ئامۆژگاری مۆرێنۆ ئەوەیە کە ئاستی فشاری دەروونیت بناسیتەوە. دەستنیشانکردنی ئەو هۆکارانەی کە دەبنە هۆی فشار و پەرەپێدانی ئازارەکان بۆ دوورکەوتنەوە لێیان. داوای یارمەتی یان دوورکەوتنەوەیەکی کاتی لە دۆخێکی سترێس دەتوانێت یارمەتیدەر بێت بۆ چاکبوونەوە.