یاریگا –
زاخۆ لە دەرەوەی یاریگای خۆی بە نەفت دۆڕا و تەڵال بلووشی راهێنەریش هۆکاری شکستەکە باس دەکات.
بە ئامادەبوونی هاندەرێکی زۆری زاخۆ، لە دوایین رۆژی یارییەکانی گەڕی 11ـەمی خولی ئەستێرەکانی عێراق، زاخۆ لە یاریگای کەرخ به ئەنجامی 2 _ 0 بە نەفت دۆڕا و مەترسی بۆ لە دەستدانی ریزبەندی یەکەمی خولەکەی بۆ دروست بووە.
تەڵال بلووشی راهێنەری قەتەڕی زاخۆ رەخنە لە گۆڵپارێزی نەفت دەگرێت و هۆکارەکانی شکستەکەشی بەم شێوەیە باس دەکات:
گێمی یەکەم ئاستێکی بەرزمان پێشکەشکرد بەڵام ئەمڕۆ بەخت یاوەرمان نەبوو، ئێمە یاخود نەفت هەر لایەکمان هەلە کانمان لە دەست نەدابا و گۆڵمان تۆمار کردبا ئەوا ئەو تیپە سەرکەوتوو دەبوو، بە داخەوە گێمی دووەم یارییەکی ناخۆش بوو تایبەت گۆڵپارێزی نەفت کاتی زۆر بەفیڕۆ دەدا کە ئەمەش وایکرد یارییەکە چێژی خۆی لەدەست بدات، هێشتا لە سەرەتای خولەکەین و هەوڵدەدەین هەڵەکانمان چاک بکەینەوە و قەرەبووی ئەم شکستەش بکەینەوە.
وێڕای شکستەکەی زاخۆ لە ریزبەندی یەکەم مایەوە بە 19 خاڵ و نەفت و زەوڕاش بە هەمان خاڵ لە ریزبەندی دووم و سێیەم دێن بە جیاوازی گۆڵ، زاخۆ لە 18ـەی ئەم مانگە لە گەڕی دوازدەمی خولی ئەستێرەکانی عێراق میونداری کەرخ دەکات.