یاریگا –
لە پێش یارییەکەیان بەرامبەر فوڵهام، لیڤەرپوول تواناکانی دوو یاریزانی دیکەی بۆ گەڕایەوە.
لەپێش دوایین یارییان بەرامبەر جێرۆنا لە چامپیۆنزلیگ کە سێشەممەی رابردوو بەڕێوەچوو، ئارنە سڵۆت هەواڵی دڵخۆشکەری بە هاندەرانی رێدز دا بە گەڕانەوەی ئالیسن بەیکەر، بەڵام گەڕانەوەی دیۆگۆ جۆتا و فێدێریکۆ کێیزا بە نادیاریی مایەوە تا ئەمڕۆ, بەگوێرەی ڤیدیۆیەکی تایبەت لە پێگەی فەرمی یانەکە، گەڕانەوەی ئەوانیش بۆ راهێنانەکان هاندەرانی یانە ئینگلیزیەکەی ئاسوودەکرد.
جۆتا لە 20ی مانگی ئۆکتۆبەرەوە بەهۆی ئەو پێکانەی بەرامبەر چێڵسی تووشی هات، یاری بۆ لیڤەر نەکردووەتەوە. هەرچی یاریزانە ئیتاڵیەکەش کە هاوینی رابردوو روویکردە ئانفیڵد، بەهۆی نەخۆشیەوەبوو. پێشتریش ئەو یاریزانە لەم مانگی دیسەمبەرە نێردرایە تیمی ژێر 21 ساڵانی یانەکە بۆ گەڕاندنەوەی شتێک لە ئاستی راستەقینەی خۆی.
ئێستا لە دیارترین ئەو یاریزانانەی هێشتا ماون بگەڕێنەوە بۆ یاریکردن کۆنۆر بڕادلی، ئیبراهیما کۆناتێ و کۆستاس سیمیکاسن.
یانەکەی مێریسیساید لە هەردوو خولی ئینگلیزی و چامپیۆنزلیگ پێشەنگی بێ ڕکابەرن و رۆژی شەممەش لە میانی یارییەکانی هەفتەی 16ی پرێمەرلیگ لە یاریگای خۆیان میوانداری فوڵهام دەکەن.