یاریگا –
لە بەردەم هاندەرانی خۆی، زاخۆ لە یارییەکی بەهێز و ئەرکێکی قورسدا رووبەرووی نەفت دەبێتەوە.
پێنج شەممە ( 12ـی دیسێمبەری 2024 ) لە گەڕی 11ـەمی خولی ئەستێرەکانی عێراق، زاخۆ لە یارییەکی بەهێزدا میوانداری نەفتی رکابەریی دەکات، دوای سەرکەوتنی لە یاریی رابردوو بەرامبەر شوڕتە و وەرگرتنی خانەی یەکەمی ریزبەندی، زاخۆ ئەرکی پاراستنی ریزبەندیەکەی لە سەرە و نەفتیش بۆ هاوتا کردنی خاڵەکانی لەگەڵ زاخۆ یاریی دەکات.
زاخۆ و نەفت 21 یاریی فەرمیان لە خولی عێراق بەرامبەر یەکتر کردووە، کوڕێن خابیری لە پێنج یارییدا سەرکەوتوو بوونە و نەفت لە هەشت یارییدا براوە بووە و لە هەشت یارییشدا یەکسان بوونە، زاخۆ 18 گۆڵی تۆمار کردووە و نەفت 25 گۆڵی لە زاخۆ کردووە، گەورەترین سەرکەوتنی زاخۆ لە 27 _ 5 _ 2024 بوو لە قۆناخی دووەمی خولی ئەستێرەکانی عێراقی وەرزی رابردوو کاتێک 3 _ 0 براوە بوو، گەورەترین سەرکەوتنی نەفت لە 17 _ 5 _ 2017 بوو لە قۆناخی دووەمی خولی نایابی عێراق و یارییەکەی 6 _ 0 بردەوە.
تا ئێستا زاخۆ 10 یاریی کردووە و بە 19 خاڵ لە ریزبەندی یەکەم دێت، نەفت بە هەمان رێژەی یاریی 16 خاڵی هەیە و لە ریزبەندی حەفتەمی خولی ئەستێرەکانی عێراق دێت، سەرکەوتنی نەفت لەم یارییە واتا هاوتا کردنی خاڵەکانی لەگەڵ زاخۆ و وەرگرتنی سەرووی ریزبەندی، چونکە زاخۆ و زەوڕا و نەفت هەمان خاڵیان دەبێت و بە هەژمار کردنی براوە لەگەڵ یەکتر نەفت دێتە خانەی یەکەم.