یاریگا –
دهۆک لە دەرەوەی یاریگای خۆی بەرامبەر حدود یاریی دەکات و ئەمڕۆش کۆتایی بە ئامادەکارییەکانی هێنا.
لە یاریگای کەرخ لە بەغدا، پێنج شەممە ( 12ـی دیسێمبەری 2024 ) کاتژمێر 2:30ـی ئێوارە دهۆک رووبەرووی حدود دەبێتەوە، ئەمڕۆش لە یاریگای کۆنی قوەجەوییە دهۆک کۆتایی بە ئامادەکارییەکانی هێنا و بە تەواوی یاریزانی بۆ یارییەکە ئامادە دەبێت تەنها ماسیس ئارتن یاریزانی بەرگری ئامادە نابێت کە بە هۆی پێکهێنانی ژیانی هاوسەرگیریەوە گەڕاوەتەوە هۆڵەندا.
تا ئێستا دهۆک و حدود لە 12 یاریی فەرمی رووبەرووی یەکتر بوونەتەوە، دهۆک شەش یاریی بردۆتەوە و حدودیش لە سێ یارییدا سەرکەوتنی بە دەستهێناوە و لە سێ یارییشدا یەکسان بوونە، دهۆک17 گۆڵی تۆمار کردووە و حدود 11 گۆڵی تۆمار کردووە، گەورەترین سەرکەوتنی دهۆک لە 13 _ 12 _ 2011 و لە 17 _ 5 _ 2009 بووە لە خولی نایابی عێراق کە لە هەردوو یارییدا 4 _ 0 براوە بووە.
هەڵۆکانی چیا حەفت یارییان لەم وەرزەی خولی ئەستێرەکانی عێراق کردووە و هەشت خاڵیان کۆکردۆتەوە و لە ریزبەندی 17ـەم دێن، حدود لە گەڕی رابردوو تاکە سەرکەوتنی خولەکەی بە دەستهێنا و تەنها سێ خاڵی هەیە و لە ریزبەندی 20ـەم و کۆتایی خولی ئەستێرەکانی عێراق دێت.