یاریگا –
یانەیەکی چامپیۆنشیپ دەیەوێت مۆرینهیۆ بکاتە راهێنەری یانەکەی، هاندەرانی میلوال داوا دەکەن راهێنەرە پۆرتوگاڵییەکە لەسەر قسەی خۆی بێت.
دوای ئەوەی خۆزێ مۆرینیۆ راهێنەری پۆرتوگاڵی یانەی فێنارباهچێی تورکی لە دیمانەیەکی لەگەڵ کەنالی سکای سپۆرتس گوتی :’لە داهاتوو حەز دەکەم ببمە راهێنەری یانەی میلوال، لە لەندەن لەو بەری ماڵەکەمە’. ئێستا هاندەرنای میلوال داوا دەکەن خۆزێ لەسەر بەڵێنەکەی خۆی بێت.
رۆژنامەی سەنی بەریتانی ئاشکرایکردووە، هاندەرانی میلوال لە سۆشیاڵ میدیا دەستیان بە هەڵمەتێک کردووە و داوا لە مۆرینیۆ دەکەن خاوەنی قسەی خۆی بێت و ببێتە راهێنەری یانەکەیان، هاندەرێکی میلوال نووسیویەتی ‘من چاوەڕێی گەیشتنی مۆرینیۆم’، هاندەرێکی دیکەش نووسیویەتی ‘مۆرینیۆ خەونەکەمان بکە راستی’.
مۆرینیۆ کە پێشتر لە پرێمەرلیگ راهێنەرایەتی یانەکانی چێڵسی و مانچێستەر یونایتد و تۆتێنهام هۆتسپێرسی کردووە و نازناوی پرێمەرلیگی بەدەستهێناوە، لەو دیمانەیە گوتبووی :’من دەمەوێت بگەڕێمەوە لەندەن، خێزانەکەم لەوێ دەژین، ئەگەر هیچ یانەیەکیش منی نەوێت من هەر دەگەڕێمەوە لەندەن و لەوێ دەژیم’.
میلوال لە خولی پلە یەکی ئینگلیزی لە پلەی یازدەمی ریزبەندی دێت و بەهۆی ئەنجامە خراپەکانی نێیل هاریس لە راهێنەرایەتی یانەکە دوورخرایەوە و ئێستا یانەکە بێ راهێنەرە.