یاریگا –
گواردیۆلا لە بڕیارێکی چاوەڕواننەکراو و یەکلاکەرەوە دەڵێت ‘دوای مانچێستەر سیتی راهێنەرایەتی هیچ یانەیەکی دیکە ناکەم، هێز و وزەی ئەوەم نەماوە جارێکی دیکە لە سەرەتاوە دەستپێبکەمەوە’.
پێپ گواردیۆلا بەڕێوەبەری هونەری مانچێستەر سیتی ئینگلیزی کە هەشت ساڵ و نیوە راهێنەرایەتی یانە شینپۆشەکە دەکات و شەش نازناوی پرێمەرلیگی لەگەڵ مان سیتی بەدەستهێناوە، گرێبەستەکەی تاوەکو هاوینی 2026 نوێکردووەتەوە، دوای رۆیشتنی لە یانە ئینگلیزەکە راهێنەرایەتی هیچ یانەیەکی دیکە ناکات.
دوای مانچێستەر سیتی راهێنەرایەتی هیچ یانەیەکی دیکە ناکەم، من باسی داهاتووێکی دوور ناکەم، بەڵام کاتێک وازم لە راهێنەرایەتی مانچێستەر سیتی هێنا ناچمە هیچ وڵاتێکی دیکە بۆ ئەوەی ئەرکی راهێنەرایەتی یانەیەکی دیکە بگرمە ئەستۆ، من چیدیکە هێز و وزەی ئەوەم نەماوە بچمە شوێنێکی دیکە لە سەرەتاوە دەستپێبکەمەوە، نا نا، ناتوانم، لەوانەیە راهێنەرایەتی هەڵبژاردەیەک بگرمە ئەستۆ، ئەمە شتێکی جیاوازە.
گواردیۆلا کە پێشتر راهێنەرایەتی یانەکانی بارسێلۆنای ئیسپانی و بایرن میونشنی ئەڵمانی کردووە، مانچێستەر سیتی دەبێتە دوایین یانە راهێنەرایەتی بکات کە لەوەتەی ساڵی 2008 دەستی بە کاری راهێنەرایەتی کردووە.
گواردیۆلا لەگەڵ مانچێستەر سیتی و بارسێلۆنا نازناوی چامپیۆنزلیگی بەدەستهێناوە و بووەتە پاڵەوانی خولەکانی لالیگا و بۆندسلیگا و پرێمەرلیگ، پێشتر چەند جارێک دەنگۆی ئەوە هەبوو ئەرکی راهێنەرایەتی هەڵبژاردەی بەڕازیل یان ئینگلتەرا وەربگرێت.
میدیاکانی ئەوروپا مانگی رابردوو بڵاویانکردەوە، رۆناڵدۆ نازاریۆ دالیما ئەفسانەی تۆپی پێی بەڕازیلی دەیەوێت ببێتە سەرۆکی فیدراسیۆنی تۆپی پێی بەڕازیل و گواردیۆلاش بکاتە راهێنەری سێلیساو.