یاریگا –
کریستیان پولیسیچ، ئەستێرەی ئەیسی میلان بەهۆی پێکان، تاوەکو ساڵی نوێ یاریی ناکاتەوە.
پولیسیچ لە یاریی رابردووی میلان بەرامبەر ئاتاڵانتا لە خوولەکی 38دا، تووشی پێکانبوو و روبن لۆفتوس چیک، شوێنیگرتەوە.
تۆڕی ئاتلێتیک بڵاویکردووەتەوە، پولیسیچ گرژبوونێکی سادەی لە پووزی پێی راستی هەیە، بەڵام تاوەکو ساڵی نوێ هیچ یارییەک ناکاتەوە.
قۆناخی پێشکۆتایی جامی سوپەری ئیتاڵیا لە 3ی مانگی داهاتوو لە ریاز دەکرێت. میلان هیواخوازە پولیسیچ بۆ رووبەڕووبوونەوەی یوڤێنتوس لە پاڵەوانیەتییەکەدا ئامادەبێت.
پێشبینیدەکرێت، پولیسیچ بەشداری یاریی چوارشەممە بەرامبەر زرڤێنا زڤێزدا لە چامپیۆنزلیگ نەکات، هەروەها بەشداری یارییەکانی جێنوا، ڤێرۆنا و رۆماش لە سێریا ئەی ناکات.
ئەستێرە ئەمریکییەکە بەشداری لە 20 یاریی ئەم وەرزەی سەرجەم پاڵەوانیەتییەکاندا کردووە، خاوەنی هەشت گۆڵ و شەش ئەسیستە.
لەژێر سەرپەرشتی ماوریسیۆ پۆچێتینۆ، راهێنەری نوێی هەڵبژاردەی ئەمریکا، دوو گۆل و یەک ئەسیستی هەبووە.
دۆڕانی یارییەکەی ئاتاڵانتا، میلانی دابەزاندە پلەی حەوتەم بە کۆکردنەوەی تەنیا 12 خاڵ.