یاریگا –
دوای چوار گەڕ دابڕانی لە یارییەکانی خولی ئەستێرەکانی عێراق، دهۆک لە یاریگای خۆی بەرامبەر دیالا یاریی دەکات.
لە گەڕی دەیەمی خولی ئەستێرەکانی عێراق، یەک شەممە ( 8ـی دیسێمبەری 2024 ) دهۆک لە کاتژمێر 5:15ـی ئێوارە لە یاریگای خۆی بەرامبەر دیالا یاریی دەکات، دهۆک بە هۆی یارییەکانی جامی پاڵەوانانی کەنداو چوار یاریی رابردووی دواخرا و دوای زیاتر لە مانگێک جارێکی تر لە خولی ئەستێرەکانی عێراق یاریی دەکاتەوە.
مێژووی رووبەروو بوونەوەی نێوان هەر دوو یانە لە بەرژەوەندی دهۆکە کە تا ئێستا بەرامبەر دیالا نەدۆڕاوە، دهۆک و دیالا 11 یاریی فەرمیان بەرامبەر یەکتر کردووە، دهۆک هەشت یاریی بردۆتەوە و لە سێ یارییشدا یەکسان بوونە، گەورەترین سەرکەوتنی دهۆک لە 16 _ 11 _ 2008 بوو لە خولی نایابی عێراق دهۆک بە ئەنجامی 4 _ 0 براوە بوو، دهۆک 21 گۆڵی تۆمار کردووە و دیالاش تەنها چوار گۆڵی کردووە.
بە ئەنجامدانی شەش یاریی و کۆکردنەوەی پێنج خاڵ، دهۆک لە ریزبەندی 18ـەمی خولەکە دێت، دیالا لە نۆ یاریی چوار خاڵی هەیە و لە ریزبەندی 19ـەمی خولی ئەستێرەکانی عێراق دێت.