یاریگا –
زاخۆ لە بەغدا و لە یاریی لوتکەی ئەم هەفتەیە توانی سەرکەوێت و پارێزگاری لە ریزبەندی یەکەمی خولی ئەستێرەکانی عێراق بکات.
لە گەڕی دەیەمی خولی ئەستێرەکانی عێراق، زاخۆ لە یارییەکی بەهێزدا بە ئەنجامی 1 _ 0 لە دەرەوەی یاریگای خۆی لە شوڕتەی پاڵەوانی وەرزی رابردوو بباتەوە، هاندەرێکی زۆریش لە زاخۆوە بۆ پشتگیری تیپەکەیان لە یاریگا ئامادەبوون.
دوای تەواو بوونی یارییەکە ئەمجەد عەتوان یاریزانی زاخۆ دەربارەی سەرکەوتنەکەیان بۆ دەزگاکانی راگەیاندن گوتی:
پیرۆزبایی لە هاندەران و دەستەی کارگێڕی و سەرجهم یاریزانەکان دەکەم، یارییەکی قورس بوو بەڵام سوپاس بۆ خوا توانیمان سێ خاڵی گرنگ بە دەست بهێنین، هاندەرانمان رێگایەکی دووریان بڕیبوو بۆ ئەوەی پاڵپشتی و پشتگیری ئێمە بکەن، توانیمان ئاوات و ئامانجی ئەم هاندەرە دڵسۆزانەش بە دی بهێنین، بەختێکی باشتر بۆ شوڕتە و جەماوەرەکەی.
بەم سەرکەوتنە زاخۆ بە 19 خاڵ پارێزگاری لە پێشەنگی یانەکان کرد و گەڕی داهاتووش لە دەرەوەی یاریگای خۆی بەرامبەر نەفت یاریی دەکات، شوڕتەش لە حەفت یاریی خاوەنی 14 خاڵە و لە ریزبەندی حەفتەم دێت، گەڕی داهاتوو شوڕتە بەرامبەر کەرخ یاریی دەکات.