یاریزانانی ریال مەدرید: ئێمباپێ لە راهێنانەکان شێرە و لە یارییەکانیش رێوییە
کاردانەوەی میدیاکانی مەدرید دوای دۆڕانەکەی ریال مەدرید
یاریگا –
میدیاکانی مەدرید دوای دۆڕانەکەی ریال مەدرید بەرامبەر ئاتلێتیک بلباو بە توندی هێرشییان کردە سەر کیلیان ئێمباپێ، کە لەو یارییە لێدانێکی سزای فەوتاند، یاریزانانی ریال مەدرید دەڵێن ‘نازانین بۆچی ئەوەی ئێمباپێ لە راهێنانەکان دەیکات لە یارییەکان پێی ناکرێت؟’.
تۆڕی وەرزشی رێلیڤۆ: ئێمباپێ شێری راهێنانەکان و رێوی یارییەکانە
تۆڕی وەرزشی رێلیڤۆی ئیسپانی لە راپۆرتێکیدا لەبارەی دۆخی ئێستای ئێمباپێ نووسیویەتی :’ئێمباپێ لە دۆخێکدایە بە تەواوەتی هاوڕێیەکانی نیگەران کردووە، یاریزانەکانی ریال مەدرید دەڵێن ئێمباپێ لە راهێنانەکان لەوپەڕی توانایدایە و ئاستی خۆی پیشان دەدات، بەڵام لە یارییەکان ون دەبێت، تەنانەت یاریزانەکانی مێرەنگی دەڵێن ‘ئێمباپێ تەنانەت لە یارییەکان هەوڵیش نادا’.
خۆرخێ پیکۆن رۆژنامەنووسی تۆڕی وەرزشی رێلیڤۆ نووسیویەتی :’لێکەوتەکانی رۆیشتنی لە پاریس سانجێرمان و کەیسە یاساییەکانی لەدژی یانەی پێشووی و بانگهێشت نەکرانی بۆ هەڵبژادەکەی، هۆکاری دۆخی ئێستای ئێمباپێن’.
رۆژنامەی مارکا: تا ئێستا قەبارەی خۆی پیشان نەداوە
رۆژنامەی مارکای ئیسپانی لە ژمارەی ئەمڕۆ پێنجشەممەدا وێنەیەکی کیلیان ئێمباپێی داناوە لەکاتی فەوتاندنی لێدانە سزایەکەی و نووسیویەتی ؛تا ئێستا ئاستی راستەقینەی خۆی پیشان نەداوە’، هەروەها نووسیویەتی ‘جارێکی دیکە ئێمباپێ لێدانی سزای لەدەست و هێشتا ونە’.
رۆژنامەی AS: کاتی پشوودان نییە
رۆژنامەی ئاسی ئیسپانی لە ژمارەی ئەمڕۆی پێنجشەممە وێنەی ساتی دوای لەدەستدانی لێدانە سزایەکەی ئێمباپێی داناوە و نووسیویەتی ‘جارێکی دیکە ئێمباپێ لێدانی سزای لەدەست دا’، لێدوانێکی کیلیانی لەدوای یارییەکە داناوە کە گوتویەتی ‘من بەرپرسیارەتی هەڵدەگرم، ئەمە ساتێکی قورسە’.