یاریگا –
گەرچی کاراگێر و نێڤیل بڕوایان وایە پەیوەنمدی نێوان گواردیۆلا و دێ برۆین ئاسایی نییە، بەڵام راهێنەرە ئیسپانییەکە رەتیدەکاتەوە.
جەیمی کاراگێر و گاری نێڤیل شرۆڤەکارانی کەناڵی سکای سپۆرتس بڕوایان وایە پەیوەندیی نێوان دێ برۆین و گواردیۆلا تێکچووە، چونکە ناوەڕاستکارە بەلجیکییەکە لەوەتەی لە پێکانەکەی چاکبووەتەوە لە پێنج یاری تەنیا 72 خولەک یاریی کردووە.
کاراگێر دەڵێت :’پەیوەندی نێوان ئەم دووانە تەواو نییە و شتێک روویداوە’، نێڤیلیش دەڵێت :’شتێک لە ژووری جلگۆڕین لە نێوان ئەم دووانە روویداوە’.
جگە لە کاراگێر و نێڤیل، هەریەکە لە میکا ریچاردز و گاری لینیکەریش هاوڕان لەسەر ئەوەی شتێک لە نێوان گواردیۆلا و دێ برۆیندا هەیە و پەیوەندییان باش نییە.
پیپ گواردیۆلا بەڕێوەبەری هونەری مانچێستەر سیتی لە وەڵامی شرۆڤەکارەکان لەبارەی پەیوەندی خۆی لەگەڵ دێ برۆین دەڵێت :’خەڵکی وادەزانن من کێشەم لەگەڵ دێ برۆین هەیە؟ ئایا وادەزانن من حەز ناکەم یاریی بە دێ برۆین بکەم؟’.
هەروەها دەشڵێت :’نەخێر، من نامەوێت یاریی بە دێ برۆین بکەم، ئەو یاریزانەی لە بەشێ کۆتایی یاریگا لێزانترین و بەهرەمەندترینە، من ئەوم ناوێت، من دوای نۆ ساڵ کێشەی کەسیم لەگەڵ ئەودا هەیە’.
گواردیۆلا دەشڵێت :’خۆزگە دێ برۆین تەمەنی 26 ساڵ یان 27 ساڵ دەبوو، بەڵام ئەو ئێستا پێویستی بە کاتە بۆ ئەوەی دووبارە لە رووی توانای جەستەییەوە بگەڕێتەوە دۆخی جارانی، چونکە ئەو تازە لە پێکان گەڕاوەتەوە و پێویستی بەوەیە هاوشێوەی وەرزی رابردوو هەنگاو بە هەنگاو بگەڕێتەوە، تاوەکو دەگاتە ئاستی خۆی’.
مان سیتی لە دوایین حەفت یاری لە سەرجەم پاڵەوانێتییەکان نەیتوانیوە هیچ بردنەوەیەک بەدەست بهێنێت کە ئەمە خراپترین ریکۆردە لەوەتەی ساڵی 2007، دێ برۆین لە دوایین پێنج یاریی یەدەک بووە و لە نیوەی دووەم بەشداریی کردووە.