ئەمازۆن دۆکیومێنتاری پازدەیەمین نازناوی چامپیۆنزلیگی ریال مەدرید بڵاودەکاتەوە
یاریگا –
ئەمازۆن پرایم بڕیارە فیلمێکی دۆکیومێنتاری لەسەر بەدەستهێنانی 15هەمەین نازناوی چامپیۆنزلیگی ریال مەدرید لە وەرزی 2023-2024ی بڵاوبکاتەوە.
سەرچاوە نزیکەکانی ریال مەدرید لە چاوپێکەوتنێکدا لەگەڵ ئەتلێتیک دووپاتیان کردەوە کە لە چەند رۆژی داهاتوودا هەواڵی بڵاوبوونەوەی ئەم فیلمە دۆکیومێنتارییە لەلایەن کۆمپانیای ئەمازۆنەوە بە فەرمی رادەگەیەنرێت، دواتر وادەی پەخشکردنی دیاری دەکرێت.
فیلمەکە چاوپێکەوتن لەگەڵ هەندێک لە کەسایەتییە سەرەکییەکانی سەرکەوتنی ریال مەدرید لە چامپیۆنزلیگ لەخۆدەگرێت. ریال لە یاری کۆتایی چامپیۆنزلیگی مانگی حوزەیرانی رابردوودا بە ئەنجامی 2-0 لە بۆروسیا دۆرتمۆندی بردەوە، توانی 15ەمین نازناوی خولی یانە پاڵەوانەکانی ئەوروپا بەدەستبهێنێت. ئەمە دووەم نازناویان بوو لە سێ وەرزی رابردوودا، تیپەکەی کارلۆ ئانچێلۆتیش لە وەرزی 2021-2022 ئەم نازناوەی بەدەستهێنا.
فیلمە دیکۆمێنتارییەکەی ئەمازۆن هاوشێوەی زنجیرەی “تا کۆتایی” لە کەناڵی ئەپڵ تیڤی دەبێت کە دووانەی لالیگا و چامپیۆنزلیگی مەدریدی لە وەرزی 2021-2022 پەخش کرد. ئەم زنجیرە دوکیۆمێنتارییە گۆڕانکارییەکی گەورەی لە یانە مەدریدەکەدا بەدیهێنا، کە پێشتر ئامادە نەبوون ناوەڕۆکی یانەکە بۆ رای گشتی بڵاوبکەنەوە.
پێشتر ئەمازۆن دوکیۆمێنتاری هاوشێوەی سەبارەت بە مانچێستەر سیتی و ئارسیناڵ و تۆتنهام و هەروەها چەندین تیپی تۆپی پێی ئەمریکی (NFL) بەرهەم هێناوە.