هەموو شتێک بزانە؛ ڤینیسیۆس دەچێتە سعوودیە و بن سەلمان کار لەسەر پڕۆژەکە دەکات
تۆڕی وەرزشی یاریگا وردەکارییەکانی گواستنەوەی ڤینیسیۆس بۆ سعوودیە ئاشکرا دەکات
یاریگا –
رۆژنامەنووسێکی فەڕەنسی گۆمی گواستنەوەی یاریزانان دەشلێقێنێتەوە و چەندین وردەکاری نوێ لەبارەی پلانی سعوودییەکان ئاشکرا دەکات.
رۆمان مۆلینا، رۆژنامەنووسی فەڕەنسی لە ڤیدیۆییەکی 12 خوولەکیدا، وردەکاری نوێ لەبارەی پلانی سعوودییەکان، بۆ بەهێزکردنی خولی رۆشن ئاشکرا دەکات.
مۆلینا دووپاتیدەکاتەوە، بەرپرسانی سعوودیە نایانەوێت دەستبەرداری پڕۆژە وەرزشییەکەیان بن و چاوییان لە گواستنەوەی ناوی گەورەی تۆپی پێی جیهانییە.
بەگوێرەی زانیارییەکانی رۆژنامەنووسە فەڕەنسییەکە بێت، سعوودیە تەواوی سەرنجی خۆی لەسەر ڤینیسیۆس جونیۆر داناوە و دەڵێت
چەندین مانگە گفتوگۆی نێوان بەرپرسانی سعوودیە و نوێنەرانی ڤینیسیۆس بەردەوامە. ئەمجارە سعوودیە دەیەوێت یاریزانی لاوی بگوازێتەوە و سەرنجی لەسەر ئەو یاریزانانە کەمکردووەتەوە کە بەتەمەنن و نزیکن لە کۆتاییهێنان بە کاروانی وەرزشییان.
بەرپرسانی باڵای سندووقی وەبەرهێنانی گشتی سعوودیە بە وردی کار لەسەر کەیسی گواستنەوەی یاریزانان دەکەن. دەیانەوێت بۆ هاوینی داهاتوو، ناوی گەورە بگوازنەوە سعوودیە و ڤینیسیۆس یەکێکە لە ناوەکان.
بە گوێرەی زانیارییەکانی مۆلینا بێت، بەرپرسی یەکەمی سعوودیە کە مەبەست لێی محەمەد بن سەلمان، جێنشینی سعوودیەیە، بە بابەتی ڤینیسیۆس سەرقاڵە و لە کۆبوونەوەکان، باس باسی ئەوە
بەلای سعوودیەوە، گواستنەوەی ڤینیسیۆس کاری لە پێشینەیە و لەسەر ئاستی دەوڵەت کاری لەسەر دەکرێت. بڕیاری گواستنەوەی ڤینیسیۆس لە بەرزترین هەڕەمی دەسەڵاتی سعوودیە قسەی لەسەر دەکرێت. دەسەڵاتداران داوای گواستنەوەی یەکێک لە باشترین یاریزانانی جیهان دەکەن.
رۆژنامەنووسە فەڕەنسییەکە لە زاری چەند کەسێکی نزیک لە ڤینیسیۆس، چەند زانیارییەکی نوێی ئاشکرا کردووە
ڤینیسیۆس لە ریال مەدرید ساڵانە نزیکەی 15 ملیۆن یۆرۆ وەردەگرێت، ئێستا کەسانی نزیک لە ڤینی هەڵسەنگاندن بۆ ئۆفەری سعوودییەکان دەکەن، چونکە مووچەکەی لە چەند ملیۆنێک دەبێتە سەدان ملیۆن یۆرۆ و بەهای گرێبەستەکەی، بەهای گرێبەستی کریستیانۆ رۆناڵدۆ تێدەپەڕێنێت و دەبێتە یەکەمی مێژوو. سعوودیە ئامادەیە دامەزراوەیەکی گەورە بۆ ڤینیسیۆس بکاتەوە، تاوەکو لەڕێگەی دامەزراوەکەوە، دژی رەگەزپەرستی بوەستێتەوە.
کەسانی نزیک لە ڤینیسیۆس باس لە دڵخۆشی ڤینی بەو گرنگیپێدانەی سعوودیە دەکەن و پێیان وایە، ڤینی بە جیدی بیری لە تەواوی وردەکارییەکان کردووەتەوە، چونکە لە کۆتاییدا پارە بەلای هەموو یاریزانێک گرنگە. بە تایبەت دوای لەدەستدانی دەرفەتی بەدەستهێنانی باڵۆن دۆر.
بەگوێرەی زانیارییەکانی مۆلینا بێت، ڤینیسیۆس قسەی لەگەڵ بەرپرسانی باڵای یەکێتیی تۆپی پێی بەڕازیل کردووە، بۆ ئەوەی دڵنیایی وەربگرێت و لە ئەگەری چوونی بۆ سعوودیە، کاریگەری لەسەر نوێنەرایەتیکردنی هەڵبژاردەی بەڕازیل نەبێت.