یاریگا –
روبن ئامۆریم لە ئاستێکی یاریزانێکی مانچێستەر یونایتد رازیە و دەیەوێ گرێبەستەکەی نوێبکرێتەوە.
چاوەڕواندەکرێت لەژێر سەرپەرشتی راهێنەرە پۆرتوگالیەکەدا ژمارەیەکی زۆر لە یاریزانانی مان یو بەڕێبکرێن کە ژمارەیان زیاتر لە نیودەرزەن دەبێت.
زیاتر لە نیو دەرزەن یاریزان لە تیمەکەی ئامۆریمدا جێگەیان نابێتەوە
هەر لە چوارچێوەی پاکسازییەکانیدا، بەگوێرەی زانیارییەکانی تەلەگرافی ئینگلیزی ئامۆریم باوەڕی بە تواناکانی ئاماد دیالۆ هەیە و چاوەڕواندەکرێت لەگەڵ یاریزانە کۆتدیڤواریەکە کۆبێتەوە بۆ قسەکردن لەسەر نوێکردنەوەی گرێبەستەکەی.
گرێبەستی ئێستای ئەستێرە 22 ساڵانەکە لە هاوینی داهاتوو بەسەردەچێت، بەڵام بە هاتنی ئامۆریم بۆ ئۆڵدترافۆرد ئاستی ئەو یاریزانە هەڵکشانی زۆری بەخۆوە بینیەوە.
ناوبراو کە لە باڵی راستی یاریگاد یاری دەکات، لەم وەرزە لە 11 بەشداریدا لە کێبڕکێکانی پرێمەرلیگ گۆڵێک و 5 ئەسێستی هەیە. لە یۆرۆپالیگیش لە 5 یاریی خاوەنی 2 گۆڵە.
لەدوایین لێدوانیدا دیالۆ پاپەندبوونی خۆی بە بیرۆکەکانی راهێنەرەکەیەوە دووپاتکردەوە و رایگەیاند کە لە هەر پێگەیەکی یاریی بیەوێت دەتوانێ یاریی بۆ بکات تەنانەت ئەگەر هێڵی بەرگری و گۆڵپارێزییش بێت.