کوردستان

چوارقوڕنە سزا درا و دێڕبی راپەرینیش بەبێ هاندەر بەڕێوە دەچێت

دوو یاریزان تا گواستنەوەی زستانە سڕ کران

Yariga App

یاریگا –

بە هۆی نانەوەی ئاژاوە لە یاریی رابردوو بەرامبەر رزگاری، سبەی دێڕبی راپەرین لە خولی نایابی کوردستان بەبێ هاندەر بەڕێوە دەچێت.

یە کێتی تۆپی پێی کوردستان لە کۆبوونەوەی ئاسایی خۆیدا بریاریدا یاریی دێڕبی راپەرین لە نێوان چوارقوڕنە و رانیە لە گەڕی شەشەمی خولی نایابی کوردستان بەبێ هاندەر بەڕێوە بچێت، دەرکردنی ئەم بریارە بە هۆی ئاژاوەی بەشێک لە هاندەرانی چوارقوڕنە و بەڕێوەبەرانی تیپەکەیە کە بەرامبەر رزگاری کردیان لە گەڕی رابردووی خولەکە.

برایەتی وێڕای سەرکەوتنی بەرامبەر پێشمەرگەی هەولێر، بە هۆی پەڵپی پێشمەرگەی هەولێر برایەتی بە دۆڕاو هاژمار کرا چونکە یاریزانێکی تیپەکە مافی دەستبەر داربوونی لە یانەکەی پێشووی ورنەگرتووە.

بریار و راسپاردەکانی یەکێتی تۆپی پێی کوردستان:

1_ سەبارەت بە پەڵپی یانەی پێشمەرگەی هەولێر لە سەر عەبدولڕەحمان محەمەد یاریزانی یانەی برایەتی:

دوای پەڵپی یانەی پێشمەرگەی هەولێر لە سەر عەبدولڕەحمان محەمەد ئیبراهیم یاریزانی ژمارە ( 9 )ـی یانەی برایەتی کە لە گەڕی پێنجەمی خولی نایابی کوردستان یاریکرد، دوای لێکۆڵینەوە و بەدوا داچوون یاریزان عەبدولڕەحمان محەمەد ئیبراهیم لە وەرزی 2023 _ 2024 لە گواستنەوەی زستانە لە یانەی سۆرانە وە بەشێوەی خواستن پەیوەندی بە یانەی خاک کردووە، دوای تەواو بوونی خولی پلەیەکی کوردستان و خولی نایابی کوردستان ئەم یاریزانە بەپێی رێنماییەکانی یەکێتی تۆپی پێی کوردستان راستەوخۆ دەبێتەوە یاریزانی یانەی سۆران، دوای پەیوەندی کردنی یاریزان عەبدولڕەحمان محەمەد ئیبراهیم بە یانەی برایەتی پێویست بوو مافی دەستبەر داربوون لە سۆران وەربگرێت، بەڵام بەپێچەوانەوە یاریزانەکە مافی دەستبەر داربوونی لە یانەی خاک وەرگرتووە، ئەمەش پێچەوانەی رێنماییەکانی یەکێتی تۆپی پێی کوردستانە، بۆیە دوای پشتڕاستکردنەوەی بەڵگەکان بریاردرا بە هەژمارکردنی ئەنجامی یاریی لە بەرژەوەندی یانەی پێشمەرگەی هەولێر بە ئەنجامی 3 _ 0.

2 _ سەبارەت بە رووداوەکانی یاریی نێوان چوارقوڕنە و رزگاری لە گەڕی پێنجەمی خولی نایابی کوردستان، لە سەر راپۆرتی سەرپەرشتیار و دەستەی ناوبژیوانان، بە هۆی هێرشکردنە سەر دەستەی ناوبژیوان و نانەوەی ئاژاوە لە نێو یاریگا و دەرەوەی یاریگا و هاوێشتنی کەل و پەلی قەدەغەکراو بۆ نێو یاریگا لەلایەن بەشێک لە جەماوەر و چەند کەسێکی دیاریکراو بریاردرا بە:

آ _ راگرتنی سەرۆکی یانەی چوارقوڕنە بۆ سێ یاریی و پێبژاردنی بەبڕی 500000 پێنج سەد هەزار دینار، وە بە هیچ شێوەیەک ناتوانێت یاوەری تیپەکە بکات.

ب _ راگرتنی سەرهەنگ عەبدوڵا راهێنەری چوارقوڕنە بۆ سێ یاریی و پێبژاردنی بەبڕی 500000 پێنج سەد هەزار دینار، وە بە هیچ شێوەیەک ناتوانێت یاوەری تیپەکە بکات.

ج _راگرتنی رەمزی ساڵح یاریدەدەری راهێنەری چوارقوڕنە بۆ سێ یاریی و پێبژاردنی بەبڕی 500000 پێنج سەد هەزار دینار .

د _ راگرتنی سەرۆکی دەستەی هاندەرانی یانەی چوارقوڕنە و قەدەغەکردنی هاتنی بۆ نێو گۆڕەپانی یاریگا پێش یاریی و دوای یاریی، بە پێچەوانەوە یانەی چوارقوڕنە بەرپرسیار دەبێت.

هـ _ یاریی یانەی چوارقوڕنە بەرامبەر یانەی رانیە لە گەڕی شەشەمی خولی نایابی کوردستان، بەبێ ئامادەبوونی هاندەر بەڕێوە دەچێت، بەپێچەوانەوە یانەی چوارقورنە بەپرسیاردەبن و تووشی سزای توند دەبن .

تێبینی: لە کاتی دووبارە کردنەوەی هەر (رەفتارێکی دوور لە گیانی وەرزشی و پێچەوانەی رێنمایەکان ) سزاکان زۆر توندتر دەبن.

3_ لە سەر راپۆرتی دەستەی ناوبژیوانان، بە هۆی هێرشکردنە سەر ناوبژیوانان لەلایەن بەشێک لە ئەندامانی دەستەی کارگێڕی یانەی شەقڵاوە و هاندەرانیان، بریاردرا بە پێبژاردنی یانەی شەقڵاوە بەبڕی 500000 پێنج سەد هەزار دینار، پێویستە دەستەی کارگێڕی یانەی شەقڵاوە و هاندەرانیان کۆنتڕۆڵی خۆیان بکەن، بە پێچەوانەوە سزاکان توندتر دەبن.

4_ رۆژی شەممە 7 _ 12 _ 2024 کاتژمێر 2ـی دوای نیوەڕۆ تیروپشکی خولی پلە یەکی کوردستان لە قوتابخانەی ئیشق لە تەنیشت بەڕێوەبەرایەتی گشتی وەرزش ئەنجامدەدرێت.

5 _ ئاگاداری بۆ یاریزان عەبدولڕەحمان محەمەد ئیبراهیم یاریزانی یانەی برایەتی ژمارە ( 9 ) بە هۆی سڕ کردنی ناتوانێ یاریی بۆ یانەی برایەتی بکاتەوە تا کۆتایی قۆناغی یەکەمی خولی نایابی کوردستان و دەبێتەوە یاریزانی یانەی پێشووی خۆی کە یانەی سۆرانە، لە گواستنەوەی زستانە دوای وەرگرتنی مافی دەستبەر داربوونەکەی لە یانەی سۆران دەتوانێ یاریی بکاتەوە.

6 _ ئاگاداری بۆ یاریزان محەمەد سەلام حمد یاریزانی یانەی هەولێر ژمارە ( 14 ) بە هۆی سڕ کردنی ناتوانێ یاریی بۆ یانەی هەولێر بکاتەوە تا کۆتایی قۆناغی یەکەمی خولی نایابی کوردستان و دەبێتەوە یاریزانی یانەی پێشووی خۆی کە یانەی برایەتیە ، لە گواستنەوەی زستانە دوای وەرگرتنی مافی دەستبەر داربوونەکەی لە یانەی برایەتی دەتوانێ یاریی بکاتەوە.

 

بابەتی زیاتر

Back to top button