یاریگا –
ئارنە سڵۆت، راهێنەری لیڤەرپوول بە گاڵتەوە باس لە دابەزینی مانچێستەر سیتی بۆ چامپیۆنشیپ دەکات.
لە پرێس کۆنفڕانسی بەر لە یاریی نێوان لیڤەرپوول و نیوکاسڵ لە گەڕی 14ی پرێمەرلیگ. سڵۆت بە گاڵتەوە باسی 115 سەرپێچییەکەی مانچێستەر سیتی کرد.
رۆژنامەنووسێکی ئامادەبوو لە پرێس کۆنفڕانسەکەدا بەمشێوەیە پرسیاری لە سڵۆت کرد
دەگەڕێمەوە سەر بابەتەکەی محەمەد سەڵاح، چەند رۆژێک لەمەوبەر قسەیەکی کرد، گوایە یارییەکەی بەرامبەر مان سیتی، لەوانەیە دوا یاریی ئەو بووبێت بەرامبەر یانەکە لە پرێمەرلیگ و چەند راپۆرتێکی رۆژنامەوانیش باس لە نیگەرانی سەڵاح دەکەن، گوایە لە دۆخی گرێبەستەکەی نیگەرانە.
سڵۆت بە شێوەیەکی گاڵتەئامێز باسی دۆخی ئێستای سەڵاح و مانچێستەر سیتی کرد و بابەتەکەی بە 115 سەرپێچییە داراییەکە بەستەوە
لەوانەیە محەمەد سەڵاح مەبەستی 115 سەرپێچییەکەی مانچێستەر سیتی بێت، سەڵاح پێشبینی نەمانی مان سیتی لە پرێمەرلیگ بۆ وەرزی داهاتوو دەکات. بەڵام من پێشبینی مانەوەیان دەکەم.
راهێنەری لیڤەرپوول لە بەشێکی دیکەی قسەکانی پەیوەندیدار بە سەڵاحەوە گوتی
دەزانم وەڵامەکەم بێزارکەرە و هەمان وەڵامی رابردووە. بەلای منەوە، ئێرە شوێنێکی گونجاو نییە تاوەکو قسە لەسەر دۆخی سەڵاح بکەم و پێشتر زۆر قسەم لەسەر کردووە. بەڵام با شتێک بڵێم. قسەکانم لەبارەی مان سیتی گاڵتە بوون، دووبارەی دەکەمەوە، گاڵتە بوون.
لیڤەرپوول بە جیاوازی 9 خاڵ لە پلەی یەکەمی پرێمەرلیگ دێت و هەفتەی رابردوو، 2-0 لە مانچێستەر سیتی بردەوە.
115 سەرپێچییە داراییەکەی مانچێستەر سیتی چین؟
54 سەرپێچی شکستهێنان لە پێشکەشکردنی زانیاری دارایی ورد و نوێکراو لە وەرزی 2009-10 تاوەکو 2017-18.
14 سەرپێچی شکستهێنان لە پێشکەشکردنی راپۆرتی دارایی بۆ قەرەبووکردنەوەی یاریزانان و راهێنەران لە وەرزی 2009-10 تاوەکو 2017-18.
5 سەرپێچی بەهۆی پابەندنەبوون بە رێساکانی یەکێتیی تۆپی پێی ئەوروپا، لەوانە یاسای پەیوەست بە مۆڵەتی یانەکان و رێساکانی یاریی خاوێن.
7 سەرپێچی لە یاساکانی قازانج و بەردەوامیی پرێمەرلیگ لە وەرزی 2015-16 تاوەکو 2017-18.
35 سەرپێچی شکستهێنان لە هەماهەنگی لێکۆڵینەوەکانی پرێمەرلیگ لە دیسێمبەر/کانوونی یەکەمی ساڵی 2018 تاوەکو ئێستا.
هەموو شتێک بزانە؛ بەهۆی 115 تۆمەتی سەرپێچی دارایی، مان سیتی دادەبەزێتە پلەیەک؟