دوا هەڵوێستی لیڤەرپوول لەسەر ترێنت ئارنۆڵد چییە؟
تۆڕی ئاتلێتیک نوێترین زانیارییەکان ئاشکرا دەکات
یاریگا –
ترێنت ئالێکساندەر ئارنۆڵد، بەرگریکاری لیڤەرپوول یەکێکە لە ناوە دیارەکانی بازاڕی ئێستای گواستنەوەی یاریزانان.
گرێبەستی ئەستێرە ئینگلیزییەکە لە هاوینی داهاتوودا بەسەردەچێت و تاوەکو ئێستا هیچ هەنگاوێکی کۆنکریتی بۆ بڕیاردان لە چارەنووسی ترێنت نەنراوە.
تۆڕی ئاتلێتیک بڵاویکردووەتەوە، لیڤەرپوول هەموو هەوڵێک بۆ هێشتنەوەی ئارنۆڵد دەدات، بەڵام هیچ شتێکی فەرمی نییە، تاوەکو هیوای لەسەر بونیادبنرێت.
ریال مەدرید یەکێکە لە دیارترین ئەو یانانەی داوای ئارنۆڵد دەکات و ئامادەکاری ورد و درشتی گرێبەستەکەی کردووە.
بە نزیکبوونەوەی ساڵی نوێ، لیڤەرپوول دەکەوێتە دۆخێکی لاوازەوە، چونکە لە 1ی مانگی داهاتووەوە، ئارنۆڵد دەتوانێت گفتوگۆ لەگەڵ هەر یانەیەک بکات و لیڤەرپوول مافی رێگەگرتنی نابێت، بۆیە هاندەرانی ریال مەدرید چاوەڕێن لە سەرەتای ساڵەوە، گرێبەستی پێشوەختە لەگەڵ ترێنت واژۆ بکات و لە هاوینی داهاتوودا، بیگوازێتەوە سانتیاگۆ بێرنابیۆ.
تۆڕەکە دووپاتیدەکاتەوە، لیڤەرپوول نایەوێت بە هیچ شێوەیەک دەستبەرداری ئارنۆڵد بێت، بەڵام چاوەڕێی دەرەنجامی گفتوگۆکان دەکات و لە کۆتایی ئەم مانگە، وێنە گەورەکە زیاتر روون دەبێتەوە.
ترێنت بەرهەمی ئەکادیمیای میڵوودی لیڤەرپوولە و زۆر شارەکەی خۆشدەوێت. لەگەڵ لیڤەرپوول بووەتە پاڵەوانی ئینگلتەرا، ئەوروپا و جیهان، بۆیە حەزی مانەوەی لە ئانفیڵد هەیە.
بەگوێرەی زانیارییەکانی دەیڤد ئۆرنشتاین، رۆژنامەنووسی دیاری تۆڕی ئاتلێتیک، ئارنە سڵۆت و ئارنۆڵد بەردەوام کۆبوونەوەی دوو قۆڵی دەکەن، سڵۆت زۆر بە ترێنت سەرسامە و بەردەوام هەڵسەنگاندن بۆ ئاستەکەی دەکات.